کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان پایەگای نیزامی لە تورکیە بۆ شەڕی داعش سازدەکات

16:47 - 7 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: وڵاتی ئاڵمان بۆ هێرشەکانی خۆی لە دژی گرووپی تێرۆڕیستی داعش، بەنیازە پایەگایەکی ئاسمانیی تایبەت بە خۆی لە وڵاتی تورکیە ساز بکات.

حەوتەنامەی ئێشپیگڵ ئانلاین لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا باس لە ساز کردنی پایەگایەکی ئاسمانیی ئاڵمان لە وڵاتی تورکیە دەکات کە لە دژی گرووپی تیروریستی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش بەکاری بێنێ.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە لە پایەگای ئینجرلیک نزیکەی ٦٥ میلیۆن یۆرۆ بۆ ساز کردنی شوێنک بۆ هەڵفرێنی فڕۆکە جەنگیەکانی ئاڵمان و هەروەها شوێنک بۆ حەوانەوەی سەربازەکان و فەرماندەیی کردنی هێرشە هەواییەکان لەو پایگایە تەرخان و دیاری بکرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تۆڕنادۆی ئاڵمان لە پایەگای ئینجرلیک، کە گەورەترین پایەگای نیزامیی تورکیەیە، جێگیر کراون.

ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە بە هۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەیەتی دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ گەڕان و یارمەتیدانی هێزە هاوپەیمانەکان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامیی، کە ڕۆژانە شوێنی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە عێراق و سووریە بکاتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی.

هەروەها بڕیار وایە لە ٦ مانگی داهاتوودا نزیکەی ١٠ میلیۆن یۆرۆ بۆ سازکردنی شوێنکی نیزامیی بۆ چالاکیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تۆڕنادۆ و فڕۆکەی دژەتانکی ئێیرباس تەرخان بکرێت.

دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە داعش، لە مانگی ژوئیەی ٢٠١٤وە ئیدیعای خەڵافەتی ئیسلامیی دەکات و هەتا ئێستا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراق و سووریەی لە ژیر دەسەڵاتی خۆیدا ڕاگرتووە.