کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران خەڵک بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکان هان دەدەن

18:10 - 8 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی شوورای شاری ورمێ، لە لێدوانێکی ئاژاوەگێڕانەی خۆیدا، هاووڵاتییانی ئازەری لە دژی کوردەکان هەڵدەخڕێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەد خەلیل‌پوور ئەندامی شوورای شاری ورمێ‌، لە لێدوانێک‌دا لە یەکێک لە ستادەکانی هەڵبژاردن، لە نێو هاووڵاتییانی ئازەری زماندا گوتوویەتی: ڕۆژی هەینی بە هەمووان دەسەلمێنم کە چ کەسانێک ڕیشەیان لەو خاکەدا هەیە.

ئەو فەرماندەیەی پایەگای موقاومەتی بەسیجی ڕێژیم، هەروەها گووتوویەتی: ئێمە ئازەربایجانیین و ئەوەش خاکی ئێمەیە.

ئەو کەسانەی سەر بە ڕێژیم، بە بڵاو ‌کردنەوەی پڕوپاگەندای ڕەگەزپەرستانە و ئاژاوەگێڕی، هاووڵاتییانی ورمێ بۆ کێشانە سەر سەندووقەکانی دەنگدان هان دەدەن.

هەروەها بە دەسپێکی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، کەسانی سەر بە ڕێژیم بە پشتیوانیی هەمە لایەنەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بە وەڕێخستنی کەمپەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاووڵاتییانی ئازەری زمان لە دژی کوردەکان هان دەدەن و کوردەکان بە جیایی‌خواز، کۆچەر و پشتیوانی تێرۆریزم تاوانبار دەکەن.

دەوترێت، ئەو ڕەوتە فکرییە دژی نەتەوەی کورد لە ورمێ لە لایەن باندی مەلا حەسەنی و هاوبیرانی ئاراستە دەکرێت.

ئیدیعای بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە کاتێک‌دایه کە ئەو هەڵبژاردنانە تەواو نادێموکراتیکە و ئامارە بڵاوکراوەکانی هەڵبژاردنەکان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە هیچ جێگای بایەخ و باوەڕ نیە.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بەپێی ئامارسازیی دەزگاکانی سەر بە ڕێژیم ئەنجام دەدرێت و پێوەرێک بۆ دیاری کردنی گرێچنی حەشیمەتی ورمێ نیە.

یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، دەستێوەردان لە سیاسەتی قەدەغە کردووە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوە، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە پرسە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا، بە پێی خواستی خۆیان دەستێوەردانیان کردووە.

ئەو دەستێوەردانانەی ناوەندە جیاوازەکانی ڕێژیم، بۆ ئاکامی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچیت.