کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیمێستۆرا: لە ژێر ئاگری مووشەک و بۆمب‏دا وتووێژ ناکرێت

17:42 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریە دەڵێ؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە هەر ٢٥ خولەکدا هاووڵاتییەکی سووریە بەهۆی شەڕەوە کوژراوە.

ستێفان دیمێستۆرا، ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕ بە هەواڵنێرانی گوتووە: ئایا دەکرێ سەبارەت بە ئاشتی وتووێژ بکەین لەحاڵێکدا کە بەردەوام گوێبیستی هەواڵی ئاگربارانی مووشەکین و بەهۆیەوە تەنیا لە ٢ ڕۆژی ڕابردوودا، لە هەر ٢٥ خولەکدا هاووڵاتییەکی سووری کوژراوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێ: بۆ ئەوەیکە بتوانین درێژە بە وتووێژەکان بدەین پێویستە ئاگربڕێکی قورس و قایم ڕابگەیەندرێت کە هیچ کام لە لایەنەکان نەتوانن بیشکێنن.

شەڕی نێوخۆی سووریە تاکوو ئێستا لانیکەم ٥٠٠ هەزار کوژراوی لێ‏کەوتۆتەوە.

دیمێستۆرا هەروەها داوای لە واشنگتۆن، مۆسکۆ، هێزە دژبەرەکان و لایەنگرانی بەشار ئەسەد کردووە کە پێش لە دەسپێکی وتووێژەکان دانیشتنێکی تایبەت لە نێوان خۆیاندا ئەنجام بدەن.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر پاڵپشتیی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد کردووە و تەنانەت هەندێک جار مانەوەی بەشار ئەسەدی بە هێڵی سوور بۆ خۆی زانیوە، پرسێک کە بە هەستیارترین بەشی وتووێژەکان لە قەڵەم دەدرێت.