کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ/ ئۆباما بەرپرسی بەهێزبوونی ئیران لە ناوچەدایە

22:56 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردسیان میدیا: دۆناڵد ترامپ ڕێکەوتنی ناوکیی وڵاتانی ڕۆژئاوای لەگەڵ ئێران بە کارەساتبار ناو برد و باراک ئۆبامای بە بەرپرسی بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکەدا تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسوشێتدپرێس، نوێنەری کۆماریخوازەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕ، دوای بەدەستهێنانی دەنگەکانی هەڵبژاردن لە پێنج ئەیالەتی ڕۆژهەڵاتی ئامریکا، لە لێدوانێکدا لە واشنگتۆن گوتی: لەئەگەری سەرکەوتنی‏دا، بۆ دەوڵەتی ناوبراو هیچ شتێک گرینگتر لە ئەمنیەتی ئامریکا نابێت.

بەشێکی زۆری لێدوانەکەی ترامپ تەرخان کرابوو بۆ هێرش بۆ سەر سیاسەتەکانی دەروەی دەوڵەتی باراک ئۆباما، بە تایبەتی سەبارەت بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ئەو نوێنەرەی کۆماریخوازەکان، سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئۆبامای بە کارەسات ناوبرد و گوتی؛ میراتی دەوڵەتی ئۆباما بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شتێک بێجگە لە کەموکۆڕی، سەرشۆڕی و ئاژاوە نیە.

بە بڕوای ئەو، سیاسەتە هەڵەکانی باراک ئۆباما سازان لەگەڵ ئێران و مامەڵەی کارەساتبار لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەیکە بە ڕاستی ئێران ئێستا بووەتە وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا.

هەروەها ترامپ لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە، سیاسەتی ئۆباما دۆستایەتی کۆن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلی کردە قوربانیی ڕێژیمی ئێران.

ئەو بەربژێرە دیارەی کۆماریخوازەکان، لە درێژەدا گوتی؛ خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەمبەر لەناوبردنی دەوڵەتی داعش و ئەگەر دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت داعش بە خێرایی لەناو دەبات.