کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فریدۆم هاوس: ئێران لە نیوان ١٠ وڵاتی ئاخر لە ڕیزبەندی ئازادیی چاپەمەنییەکاندا هەڵکەوتووە

23:51 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فریدۆم هاوس (ماڵی ئازادی) کە ڕۆژی چوارشەممە لەژێر ناوی ئازادیی چاپەمەنییەکان لە جیهاندا بڵاو کرایەوە، ئێران لە نێوان ١٩٩ وڵاتی جیهاندا لە بواری دۆخی ئازادیی چاپەمەنییەکان، لە ڕێزی ١٠ وڵاتی ئاخردا جێی گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی فریدۆم هاوس، لەژێر کاریگەریی گوشارە سیاسییەکان، کردەوەی باندە مافیاییەکان و هێزە تێرۆریستییەکان بۆ کپ‌کردنی چاپەمەنییەکان، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا، ئازادی چاپەمەنییەکان لە سەراسەی جیهاندا لە ماوەی ١٢ساڵی ڕابردوودا، گەیشتووەتە کەمترین ڕادەی خۆی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، ١٠ وڵات کە لە بواری ئازادیی چاپەمەنییەکان لە ساڵی٢٠١٥دا خراپترین دۆخی خۆیان هەبووە، بریتین لە ئێران، بێلاڕووس، شێبهەجەزیرەی کەنداو، کوبا، گینەی ئۆستوایی، ئێریتره، کۆریای باکوور، سووریه، تورکمەنستان و ئۆزبەکستان.

وڵاتانێک کە ئازادیی چاپەمەنییەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥دا، تێیاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە بریتین لە، بەنگلادێش بە دابەزینی ٧ پلە، تورکیە ٦ پلە، فەرانسە، یەمەن و سێربێستان ٥ پلە، مەقدوونیە و زیمبابوە بە ٤ پلە.

هەروەها ئەو وڵاتانەی کە لە بواری ئازادیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە بەشی وڵاتانی نائازاددا هەڵکەوتوون بریتین لە، ئەفغانستان بە پلەی ١٣٦، ئەرمنستان پلەی ١٣٩، پاکستان، پلەی ١٤٠، قێرقیزستان پلەی ١٤٩، عێراق پلەی ١٥٦، تاجیکستان پلەی ١٧٦، ڕووسیه پلەی ١٧٦ و قەزاقستان پلەی ١٨١.