کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتی خوێندكاران سێمینارێکی بە بۆنەی ڕۆژی خوێندكاری كورد بەڕێوە برد

23:02 - 11 بانەمەڕ 2716

كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بەبۆنەی ڕۆژی خوێندكاری كورد سێمینارێکان بە بەشداری جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ١١ی بانەمەڕ ئەو سێمینارە لەژێر ناوی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد و ڕۆڵ و ئەرکی یەکیەتیی خوێندکارن بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارن و میوانانی هێژا بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە، سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێكرد.

پاشان کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی لە سەر مێژووی خەباتی خوێندکاریی کورد لە ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ی هەتاوی و ڕۆڵی شەهیدان سمایل شەریفزادە، مەلا ئاوارە و هاووڕێیانی پێشکەش بە بەشداربووانی سێمینارەکە کرد.

لە بەشێکی دیکەی سێمنارەکەدا، دکتور هەژار ڕەحیمی مامۆستای زانکۆی سۆران باسێکی گشتی لە سەر بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێراندا پێشکەش کرد و ئەرکەکانی خوێندکاری کوردی لەمەڕ بزووتنەوەی خوێندکاری و شوناسخوازی خوێندکاری کورد خستە بەر باس.

لە درێژە و کۆتایی سێمنارەکەدا، مامۆستا حیسام دەستپیش مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین لە ڕێگای سکایپەوە بەشداریی سێمنارەکەی کرد و باسێکی لە سەر بزووتنەوەی خوێندکاری پێشکەش کرد.

شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە ساڵەکانی ٤٧ _١٣٤٦ی هەتاوی، بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد دژ بە دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران دەستیان دایە خەباتی چەکداری و دوای ١٨ مانگ شەڕی قارەمانانە لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ شەهیدا کران.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کردووە.

14598.JPG

14599.JPG

14600.JPG

14603.JPG

14602.JPG