کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەروان چەکۆ ڕەحیمی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

00:09 - 23 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا:سەروان چەکۆ رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەنگەری خەبات و خۆڕاگریی بە هاوڕێیانی ئەسپارد.

بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هاوڕێی تێکۆشەر، کاک چەکۆ رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حاڵەتی لە ناکاودا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە حاڵەتێکی لە ناکاودا، تووشی ئازاری دڵ بووە و تا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شاری کۆیە بەداخەوە گیانی لە دەست داوە و بۆ زانیاری و دڵنیایی زیاتر بۆ پشکنین ڕەوانەی پزیشکی یاسایی لە هەولێر کراوە و لە هەر جۆرە زانیارییەکی زیاتر ڕای گشتی ئاگادار لێ دەکەینەوە.

بەڕێز عەبدولڕەحمان ڕەحیمی ناسراو بە چەکۆ، ئەندامی خەمخۆر و تێگەیشتوو و لەمێژینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، ١٩٥٤ی زایینی لە شاری شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە مەهاباد لەدایک بوو.

بنەماڵەی هاوڕێی شەهیدمان کاک چەکۆ، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و ناسراوی شاری مەهاباد بوون و هەر بۆیەش، عەبدولڕەحمان بە بڕوایەکی نەتەوەیی و پەروەردەیەکی کوردپەروەرانەوە، تا دوایین قۆناغەکانی خوێندنی لە مەهاباد تەواو کرد و بۆ درێژەدان بە خوێندن، لە زانکۆی ئەفسەریی تاران وەرگیرا و بڕوانامەی لیسانسی لەو زانکۆیە وەرگرت و لە ئەرتەشدا بە پلەی ئەفسەری دەستی بە کار کرد.

هاوڕێی خەباتکارمان، بەهۆی شایستەیی و پێگەیشتوویی و خۆبەختکەرییەوە، لە ساڵی ١٣٦٢دا، لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا وەکوو ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی دەنگی متمانەی کۆنگرەی پێ درا، لەو کاتەوە هەتا ساتی شەهید بوونی، لە ماوەی ٣٣ ساڵدا چ وەک ڕاوێژکار و چ وەک جێگر و چ وەکوو ئەندامی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی، بەردەوام لە ڕێبەرایەتیی حیزبدا بوو و چەندین بەرپرسیارەتیی قورس و شیاوی حیزبیی وەکوو بەرپرسی فێرگە، ئەندامی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنیەتی لە ئەستۆ بووە و بە شایەتیی هاوڕی و هاوسەنگەرانی، بەوپەڕی لێوەشاوەیی و خەمخۆری و دیسیپلینەوە، ئەرکەکانی بەجێ گەیاندووە.

لەو پێوەندییەدا، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی نابەوەخت و کوتوپڕی کاک چەکۆ ڕەحیمییەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، هاوسەری وەفاداری و بەتایبەت منداڵە وریاکانی و بەتایبەتیتر کچە شیرینەکەی دەکا کە لە نێو حیزبدا کەم‌ئەندام بوو، هەروەها سەرەخۆشی لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی شۆڕشگێری مەهاباد دەکا.

باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە، ڕۆحی هاوڕێی تێکۆشەرمان کاک چەکۆ ڕەحیمی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٢ی مای ٢٠١٦ی زایینی