کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات بۆ کۆچی دوایی سەروان چەکۆ ڕەحیمی برووسکەی ماتەمینیان نارد

22:45 - 25 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو خۆی وڵات، بە بۆنەی کۆچی دوایی شەهید سەروان چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشییان لە گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات، به بۆنەی کۆچی ناوادەی دوو ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید سەروان چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک سەید ڕەزا دروودگەر ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، په یامی سەرەخۆشی و ڕێز و وەفادارییان بۆ حیزبی دێموکرات ناردووە و خۆیان بە شەرێکی خەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەزانن.

ئەو شارانەی کە ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی سەرەخۆشی و هاودەردیان ناردووە بریتین له:

مەهاباد، ناوچەی شاروێران، شامات، چۆمی مەجیدخان، پاوه، بۆکان، ڕەبەت، سەردەشت، شنۆ، ئەندامانی نهێنی یەکیەتیی لاوان لە شاری بۆکان، سنه، کامیاران، مەریوان، بانه، ناوچەی ژاوەرۆی سنه، ئاواییەکانی مێراو و تەنگیسەر، نەغەده، پیرانشار، ورمێ، ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ.

بەڕێز عەبدولڕەحمان ڕەحیمی ناسراو بە چەکۆ، ئەندامی خەمخۆر و تێگەیشتوو و لەمێژینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، ١٩٥٤ی زایینی لە شاری شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە مەهاباد لەدایک بوو و ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە حاڵەتی لە ناکاودا کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە سەنگەری بەرخۆدانی بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەجێهێشت.