کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕش و بەرگری، پرەنسیپە گشتییەکان

23:26 - 27 بانەمەڕ 2716

ئارەش ساڵح

١-ئەگەرچی جەبری جۆگرافیا لەوانەیە لە نیگای یەکەمدا بۆ منی ڕۆژهەڵاتی وای کردووە کە هەست بکەم بە کەمترین شێوە لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆمدا ڕۆڵم نیە، ئەگەرچی وای لێم کردووە کە وا بیر بکەمەوە کە هەندێک فاکتەری زۆر لە دەرەوەی ئیرادەی خۆم چ هەڵقوڵاوی بەشەکانی تری کوردستان بن و چ ڕەگ گرتوو لە ئێرانەوە، سێبەرێکی ئەوەندە قورسیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی زێدم کشاندووە کە تاکی ڕۆژهەڵاتی لە هەموو ئیرادە و شوناسی خۆی هەم لە لایەن فاکتەرە کوردستانییەکان و هەم فاکتەرە ئێرانییەکان بێگانە دەکرێت؛ بەڵام هاوکاتیش هەر ئەو جەبرە جۆگرافیاییەیە کە وا لە من دەکات وەکوو تاکێک هەموو هۆکارەکانی سەرهەڵدان و شۆڕشگێڕ بوونم هەبێت. تەنیا ئەو جەبرە جوگرافیاییە کە لەگەڵ سەرەکیترین ڕەهەندی زاتی مرۆڤ واتە شۆڕش پێوەندیم دەدات.

تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە من دەتوانم عەقڵانییەت بخەمە پشتی شۆڕشگێڕی و بۆ ئاراستەی پێکهاتە شکێنم پاساوی عەقڵانیم هەبێت.

٢- شۆڕشگێر بوون بە مانای سەرهەڵدانە لە بەرانبەر هەر فاکتەرێک کە بیەوێت ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بە لاڕێدا ببات و بیخاتە چوارچێوەوە.

گرینگترین پرسیار بۆ شۆڕشگێر ئەوەیە کە بتوانێت ڕووبەڕووبوونە سەرەکیەکە بە دروستی تەشخیس بدات. واتە ئەگەر مرۆڤی شۆڕشگێر نەتوانێت بە دروستی بزانێت کە هێزی کۆنەپارێز خەریکە لە کام شیوازی ڕووبەڕوو بوونەوە کەڵک وەردەگرێت و زەق بوونەوەی کام شێوازی بەرنگاری دەتوانێت گەورەترین مەترسی بێت بۆ سەر پێوەندییەکانی بەرهەمهێنەری نیزامی سوڵتە، ئەوا ئەو شۆڕشگێڕە ناتوانێت لە هێڵ و سەفی شۆڕشدا بێت. ئاوانگارد بوون و کۆنەپارێز بوون هیچکات بە ئیعتیباری ئایدۆلۆژیاوە نیە کە دەسەلمێندرێت. ئەمڕۆ زۆر کەس لەوانەی کە لە ئێراندا خۆیان دەخەنە خانەی تەیاری چەپەوە، بێ ئەملاو ئەولا کۆڵەکەی بەهێزی کۆنەپەرەستین. ئەوەی کە پیشان دەدات کە هێزێک لە سەفی کۆنەپارێزی‌دایە یان لە سەفی ئاوانگارد هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا ڕووبەڕووبوونە سەرەکیەکەی ناو کۆمەڵگا تەشخیس دەدات یان نا.

دیارە لە هەر کۆمەڵگایەک تەنیا یەک بەرنگاربوونەوەی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زەق بوونەوە و چالاک بوونی پێکهاتەی نیزامی ستەم دەڕووخێنێت. دیارە زۆر بەرنگاربوونەوەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا هەن کە چارەسەرکردنیان پێویستی بەوە نیە کە نیزامی ئیستێبداد بڕووخێت و گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام تەنیا یەک بەرنگار بوونەوەی سەرەکی هەیە کە ناوەرۆکی سیاسی هەیە و هێزی سەرەڕۆی زاڵ ناتوانێت لە ناو پێکهاتەی خۆیدا و بە چاکسازی لە خۆیدا چارەسەری بکات، مەگەر ئەوەی ناچار بکرێت باڵادەستیی خۆی وەلا بنێت و لە عەرشی زوڵم و ستەمی بێتە خوارەوە. ئەو بەرنگار بوونەوەیەش لە درێژماوەدا گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە هەندێ جار ئەو هێزانەی کە دوێنێ لە هێڵی پێشەوەی ئاوانگارد بووندا بوون، لەوانەیە ئەمڕۆ لە خانەی کۆنەپارێزی‌دا بن.

ڕادیکاڵ بوون بە مانای تووڕەبوون و تووندئاژۆتر بوون نیە، بەڵکوو ڕادیکاڵ بوون تەنیا و تەنیا بەیەک مانایە، ئەویش ئەوەیە کە خواستە سەرەکیەکەی ئەو بەرنگار بوونەوەیەی کە شۆڕشگێر لەسەری جەخت دەکاتەوە، تا چەند پێکهاتەشکێنە و ئەو گۆڕانەی کە دەیەوێت لە پێوەندییە کۆمەڵایتییەکاندا پێکی بێنێت تا چەند نیزامی زوڵم و ستەمکاری دەخاتە مەترسییەوە. دیارە پێویستە ئەوە بزانین کە نیزامی زوڵم و ستەمکاری ئەگەرچی لە دەسەڵاتی سیاسی‌دا مانیفێستی دەبێت، بەڵام لە دوو جەمسەری ژێردەست و باڵادەست سەرچاوە دەگرێت کە ڕەگی لە نێو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان داکوتاوە. بۆ وێنە لە کەیسی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژێردەستی و باڵادەستییەک کە لە نێوان فارس و کورد یان فارس و نەتەوەکانی تردا هەیە، هیچکات بەگۆڕێنی دەسەڵاتی سیاسی ناگۆڕدرێت و هەرکات دەسەڵاتی نوێش دیسان مانیفێستێکی تری ئەو دووجەمسەریەیە. لە ڕاستیدا تەنیا گۆڕانێکی بە تەوژمی پێکهاتەشکێن دەتوانێت ئەو مەسەلەیە بگۆڕێت؛ تەنیا تۆفان و باهۆزێکە کە بتوانێت نیزامێکی هەزار ساڵەی سوڵتە و ملهوڕی بگۆڕێت. بۆیە، زۆر ڕاشکاوانە، ئەگەر کەسێک ئێستا نەتوانێت توانای تەشخیسی ئەم بەرنگار بوونەوەەی هەبێت و نەتوانێت ئەو ئاراستەیەی هەبێت، لە ڕاستیدا ناتوانێت تەشخیسی ئەوە بدات کە لە کام لای هێڵی شۆڕش وەستاوە و ئەکتەکەی خەریکە بە سوودی کێ دەشکێتەوە.

لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تەنیا یەک ڕووبەڕووبوونەوە یان بەرنگار بوونەوە هەیە، کە لە بنەڕەتدا سیاسییە و تەنیا بە کۆتایی هێنان بە نیزامی درێژخایەنی سوڵتە کۆتایی دێت، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی شوناسی نەتەوە بندەستەکانە لە بەرانبەر دامەزراوە کولتوورییە باڵادەستەکان؛ تەنیا ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە کە توانایی ئەوەی هەیە کە هێزی شۆڕشگێر بخاتە پشتی خۆی، هێزی ژێردەستەکان مۆبیلایز بکات و کەمپەینی تێکشکاندنی پێکهاتەی سیستمی سەردەستی ڕێک بخات. لە کوردستانی ئێران‌دا، تەنیا هیوای بەهێز بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە دەوری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ ببێتەوە، لەبەر ئەوەی تەنیا حدکایە کە ئەمڕۆ ئەو زەرفیەتەی هەیە کە ببێتە کۆڵەکەی سەرەکی ئەو کەمپەینە. ئەمە بەو مانایە نیە کە کە هەموو ببن بە حدکا، بەڵکوو ببن بە هاوڕێی حدکا.

٣- نەتەنیا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو هەموو ئەو لایەنانەی کە هەڵقولاوی دامەزراوەکانی نەتەوەی باڵادەست لە ئێرانن، ئەو ڕاستیە بە باشی دەزانن کە تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە زەرفیەتی مێژوویی، هزری و فیزیکی ئەوەی هەیە کە ببێتە ئەو کۆڵەکە سەرەکیە، بۆیە ئەمڕۆ هەموویان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت خەریکی دژایەتی کردنی حدکان. لە کەس شاراوە نیە کە ئەو تاکتیکانە کە بەکاری دەبەن زۆر ڕوونن. بۆ وێنە بریتین لەوەی کە لە نێوخۆ و دەرەوە وتاری نیوە زانستی لە نێو بڵاوکراوەی نا زانستی‌دا دەنووسن و توێژینەوەی ساختە ئاراستە دەکەن، لە فەزای میدیایی‌دا، حدکا بایکوت دەکەن و بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن کە ئاڵتێرناتیڤ بناسێنن بۆ حدکا، لە سەر فەزای مەجازی بە کەڵک وەرگرتن لە چەند بەرەکی بوونی کورد، دەست لە نێو دەستی نەیارانی حدکا، هەوڵ دەدەن لە سەر شەقام شکست بە حدکا بێنن.

ئەم دیاردەیە بەڵام دوای بڕیاری حیزبی دێموکرات بۆ دەسپێکردنی کەمپەینێکی هەمەلایەنەی نوێ بۆ بەرفراوان کردنەوەی شۆڕشەکەی و هەستانەوەی دووبارە، پێی ناوتە فازێکی زۆر جیدییەوە. هەروەها کە بە ڕوونی و بە شێوەیەکی بیر لێ کراو، لە لێدوانەکانی بەرپرسانی حدکادا زۆر ڕوون و ئاشکرایە، حدکا سەرەڕای ئەوەی هیچکات نەیوتووە کە حیزبێکە کە لە دژی کەس شەڕ ڕادەگەیەنێت، بەڵام بۆ هەموو کەس ڕوونە کە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی وا پێویست دەکات کە لەگەڵ حیزبدا بە شێوەی سەربازی ڕووبەڕوو بێتەوە و لەئاکامدا ئەو شەڕەی کە نزیک بە چوار دەیەیە بەسەر گەلی کورددا سەپاندوویەتی، دیسان گەرمی بکاتەوە.

بەڵام زۆر ڕوونە کە مەیدانی شەڕ دوا قۆناغێکە کە کۆماری ئیسلامی بیەوێت شکست بە هەستانەوەی حدکا بێنێت، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزب زۆر پێش لەوە و لەسەر دنیای مەجازی دەستی پێ‌کردووە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت لە ژێر ناوی ناکۆکی نێوخۆیی ماڵی کورد، پێش ئەوەی حیزبی دێموکرات بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ کۆمەڵگاکەی خۆی پێوەندی بگرێتەوە، شکست بەو کارەی بێنێت. زۆر جار تەکلیفی زۆرێک لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لە سەر شەقام ڕوون بۆتەوە. ئێمڕۆش کۆماری ئیسلامی یەکەمین هێڵی هێرشی خۆی بۆ سەر حیزبی دێموکرات لەسەر دنیای مەجازی و لە ناو گوتاری کوردایەتی‌دا داناوە.

بۆیە ئەندامانی حیزب و هەروەها ئەو کەسانەی کە ئاواتیانە کە حدکا لە پێناو بەرەوپێش بردنی دۆزی کورد ئەم قۆناغە بە سەرکەوتویی تێپەڕێنێت، پێویستە بزانن کە ئەوان لەسەر فەیسبووک یەکەمین هێڵی بەرگرین. هەڵسوکەوتی هەرکام لە ئێمە لەسەر دنیای مەجازی و بەتایبەتی لەسەر فەیسبووک، پێویستە لە هەست بە بەرپرسایەتیەوە سەرچاوە بگرێت، نەک لە هەست و سۆزەوە. حیزبی دێموکرات یەک شتی بردۆتە مێشکی هەموومانەوە کە پێویستە وەبیری خۆمانی بێنینەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە هەڵسوکەوتمانا پرەنسیپەکانی حیزب ڕەچاو بکەین.

باشترین ئێستراتێژی کە ئێمە پێویستە لەسەر دنیای مەجازی هەمانبێت ئەوەیە کە، بە هەموو هێزمانەوە خۆمان لە پەرچەکردار بپارێزین و بە شێوەی کارلێکی و کردارانە هاندەری هەستانەوەی حدکا بین. هەروەها پێویستە هەموو کاتێک چاوێکمان لە وێبسایتە فەرمیەکان و ڕاگەیەندراوەکانی حیزب بێت، لە بەر ئەوەی ئەگەرچی ڕەخنەشمان لەسەر هەر شتێک هەبێت، بەڵام پێویستە لەگەڵ سەرچاوە هەماهەنگ بین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە