کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەد ساڵ تێپەری، بەسە ئیتر بێ دەوڵەتی

23:47 - 28 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: دەزگای ڕۆشنبیریی و هونەریی شڤان پەروەر، لە یادی سەد ساڵەی ڕێکەوتنی سایکس- پیکۆ دا، ڕێوڕەسمێکی بە مەبەستی پشتگیری لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦.٠٥.١٦)، دەزگای ڕەوشەنبیری و هونەریی شڤان پەروەر، لە یادی سەدساڵەی سایکس – پیکۆ دا، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ پشتگیری لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە لە ژێر ناوی سەد ساڵ تێپەرین، بەسە ئیتر بێ دەوڵەتبوون، بە بەشداریی پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، شاعیران، ئاکادیمیسیەنەکان، نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، باڵوێز و نوێنەرایەتی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و... بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

دواتر پارێزگاری هەولێر و چەند مامۆستای زانکۆ لە وتەیەکی کورتدا ئیشارەیان بە هۆکاری بێ دەوڵەت بوونی کورد، ڕێکەوتنی سایکس – پیکۆ و ئەو نەهامەتی و مالوێرانییانەی کە بۆ کوردی بەدیاری هێنا، کرد.

هەروەها چەند هەڵبەستڤانی کوردیش بە شێعرەکانیان ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.

لە بەشیکی تری ڕێوڕەسمی سەدساڵ تێپەرین، بەسە ئیتر بێ دەوڵەتبوون دا، فیلمێکی داکیۆمێنتاری پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بە بەخشینی خەڵات بە سەر ئامادەکارانی ڕێوڕەسم و هەروەها گۆرانیی شۆڕشگێڕی وفولکلۆریی هونەرمەندان شڤان پەروەر، ماهر حەسەن و مەحموود عەزیز شاکر، کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.

شیاوی وتنە کە شاندێکی نوێنەرایەتی هەولێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستی کاک محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب لەو ڕێورەسمەدا بەشدار بوون.