کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاری سنە: ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لە کوبانێ بە بڕیاری من بووە

21:55 - 1 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: محەممەد زاهێدی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵە خۆڕسکەکانی خەڵک بۆ پشتیوانی لە شار و خەڵکی کوبانێی بە ناوی خۆیەوە تەواو کرد.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە؛ زاهێدی شەوی ٥شەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی شوورای پارێزگای هەولێر، باسی لە بەردەوامی و زیادکردنی هاوکارییە ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ئەمنیەتییەکان کردووە و وتوویەتی ئێمە بە تەواوی مانا پاڵپشتی لە خەڵکی کورد لە عێراق، سووریە و تورکیە دەکەین؛ پاشانیش وەک نمونە باس لەوە دەکات کە ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری ناوبراو خەڵک لە پاریزگای سنە بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵک و خاکی کوبانێ و شەنگال ڕژاونەتە سەر شەقام.

ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ڕێپێوانەکانی خەڵک بۆ دژایەتی لەگەڵ تیرۆریزمی داعش و پشتیوانی لە کوبانێ و شەنگال بەشێوەی خۆڕسک بەڕێوەچوون و ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ ڕۆڵ و نەخشێکیان لەم پێوەندییەدا نەبوو.

ناوبراو لەکاتێکدا باس لە پێوەندی لەمێژینەی تاران و کوردەکانی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێ ئێمە هەموو هاوکارییەکی ئەمنیەتی، سیاسی و ئابووریی هەرێم دەکەین، کە نە خۆی و نە حکوومەتە فاشیستەکەی لە تاران، ئامادە نین دان بە بوونی نەتەوەی کورد لە ئێراندا بنێن و بەردەوام هەوڵیان داوە لەسەر کەسایەتیی سیاسی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات مامەڵە لەگەڵ گەلانی تر و بەتایبەت کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بکەن.