کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانێکی دوژمن تۆقێن

19:01 - 2 جۆزەردان 2716

کەریم پەرویزی

دوژمنی سەرەکیی کورد، کۆماری ویلایەتی سێدارە، پێی وابووە و پێی وایە کە بە ئینکار و حاشا لێکردن دەتوانێ نەتەوەیەک بسڕێتەوە و جووڵانەوەیەک لە مێژوودا ون بکا.

یەکێک لە پارامێترە سەرەکیەکانی سیاسەتی نگریسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، حاشا لێکردن و بەبێدەنگی سڕینەوەی غەیرە و ئەوانیترە کە لە خومەینییەوە داڕێژرا و پەیڕەو کرا و ساڵانێکی بەردەوامیشە لەسەر ئەو ڕەوتە دژە ئینسانیە بەردەوامن.

خومەینیی تاوانبار، بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد حوکمی جیهادی دا و حیزبی پێشڕەو و خەباتکارەکەی، بە حیزبی مونحەلەی دێموکرات ناو برد، تاکوو بڵێ ئەم حیزبە لە ژیان و جیهاندا نەماوە. بەڵام لە ساڵی ١٣٥٨ەوە تاکوو ساتی مەرگی خومەینی، دواتریش بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەر بە دژی حیزبی دێموکرات شەڕیان کرد و ڕۆڵەی خەڵکیان بەلاڕێدا برد و بەکوشتیان دان. لە گۆڕستانەکانیشیاندا هەر بە قوربانیی دەستی زێد ئینقلاب و حیزبی مونحەلە لەسەر گۆڕەکەیان نووسیویانە.

ساڵانێکیشە کە حیزبی دێموکرات لەبەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، خەباتی چەکداریی ڕاگرتووە، کۆماری ئیسلامی لە پڕوپاگەندە بەدژی حیزبی دێموکرات بەردەوام بووە و بە گرووهەکی مەعدووم و لەنێوچوو ناوی بردووە.

ئێستا کە ماوەیەکە حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندووە کە دەیهەوەێ خەباتی شار و شاخ پێکەوە گرێ بداتەوە و ڕاسانێکی نوێی ڕاگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی وەجووڵە و لەرزە کەوتووە و هەر ڕۆژە و پیلانێک و هەر ڕۆژە و هەڕەشە وگوڕەشەیەک دەکا.

ڕۆژێک مانۆڕی سپا و ڕۆژێک چەکدارکردنەوەی جاشەکان و ڕۆژێک داخستنی بازارچە سنووریەکان و تا کار دەگاتە ناردنی بەرپرسی دەزگا سیخوڕی و داپڵۆسێنەرەکانیان بەمبەر و بەوبەردا، ئەمانە تۆزێک لە پەلەقاژە و جموجۆڵی کۆماری ئیسلامی بە دژی ئەو هێزەن کە ساڵانێک بوو بانگی مەرگەکەی بە گوێی خەڵکدا دەدا!

هەر کات ڕەگە ئەساسییەکانی کۆمەڵگا، دارەبەنی حیزبێکی شۆڕشگێریان لەسەر دابمەزرێ و ڕاگری ئەو کۆڵەکانە بن، ڕەشەبا و تۆفان و دەیان پیلانی دوژمنان، ناتوانن لە نێوی ببەن و لە دوای هەر گوشار و تەریک‌خستنەوە و لاوازییەک، دووبارە و دووبارە و بەردەوام سەرهەڵدەداتەوە و بە هەر جووڵەیەکی، چرۆیەکی هیوا بۆ خەڵک دەردەکا و ترسێکی بەگوڕ دەخاتە نێو دڵی دوژمنەوە.

بۆیە بە وردبوونەوە لە ڕەسەنایەتی و ڕاستگۆیی شۆڕشێکی ڕاستەقینەی وەک خەباتی حیزبی دێموکراتدا، ئەوکات هەڵسوکەوتی دوژمنمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارە وەردەگرینەوە کە : دوژمن لە حیزبێکی مونحەلە و لەنێو چوو کە هەموویان پەرتەوازە بوون و هیچ کاریگەرییەکیان نەماوە و ئاگایان لە دنیا نەماوە، بۆچی تا ئەو ڕادەیە دەترسێ کە هەموو جۆرە هەزینەیەک بۆ دژایەتی کردنی دەکات و تەنانەت لە پێتەختی دەسەڵاتەکەشی لە نێو شوێنی گشتیی‌دا، بەنێری تەبلیغاتی بۆ بەتیرۆریست ناساندنی حیزبی دێموکرات دادەنێ؟

تاکە وەڵام بۆ ئەو پرسیارە و پرسیاری لەو چەشنە ئەوەیە کە هەر تۆزقاڵە بزۆزییەکی حیزبێک کە لە ڕەگەکانی کۆمەڵگاوە ئاودێر دەبێ، بنەماکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ویلایەتی سێدارە وەلەرزە دەخا.