• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئاگرکەوتنەوە لە زاگرۆس و سیاسەتە شاراوەکان

زایینی: ٢٢-٠٥-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٣/٠٢ - ١٤:٥٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئاگرکەوتنەوە لە زاگرۆس و سیاسەتە شاراوەکان
عەلی ئەشرەف مورادی

و: ئەرسەلان یارئەحمەدی

ئێران خاوەنی دوو ناوچەی دارستانیی بەربڵاوە کە یەکێکیان لە باکوورە و ئەوی دیکەشیان لێڕەوارەکانی زاگرۆسە کە ناوچە کوردنشینەکان لەخۆ دەگرێت و نزیکەی ٦٠%ی ڕووبەری ڕۆژهەڵاتی کورستان لەو دارستان و بنارانەدا خۆدەنوێنێت.

نۆرمی جیهانی بۆ پەرەپێدانی دارستانەکان ٢٥%ی ڕووبەری هەر وڵاتێکە کە ئەو نۆرمە لەئێراندا ٩% و لە کوردستاندا نزیکە ٦% دەبێت. کوردستان بە ڕێژەی بارینی ٤٠٠ میلی‌میتر لەساڵدا، خاوەنی دارستان و بنارێکی زۆرە کە چنراوی(بافت) سروشتیی تایبەت بەخۆی هەیە.

هەبوونی ئەو دارستان و لێڕەوارانە وەکوو سەرمایەیەکی نەتەوەیی و سروشتی، لە چەند ڕەهەندەوە گرینگی هەیە؛
١_ ژینگەیی: دابەزینی ڕێژەی پیسبوونی هەوا.

٢_ پاراستن: پێشگرتن لە ڕزین و پرتووکان، یان خۆڵ و خاک و هەر چەشنە بەربەستێک لەبەرانبەر سێڵاوی ڕووخێنەردا.

٣_ ئابووری: ئەلف_ پیشەی چێو: لە چێوی دارستانەکان دەتوانین بۆ پیشەی پەیوەندیدار کەڵک وەربگرین و ببینە هۆی خولقاندنی هەلی کار.

ب_ توریسم و گەشتیاری: دارستان، لێڕەوار و رەز و باخەکانی کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی و جێگرتن لەسەر چیا دڵڕفێنەکان و هەبوونی کانیاوی خرۆشان و سروشتی لەبار و دەست لێنەدراو و هەروەها دیمەنی دڵڕفێن و چەندین جۆری ئاژەڵ و کەش و هەوای لەبار، دەتوانێ ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتیارانی نێوخۆیی و دەرەکی.

ج_ بەرەهەمەکانی مەڕ و ماڵات: بە هەبوونی لێڕەوار و لەوەڕگەی پان و بەرین، ئەم ناوچەیە بەردەوام وەکوو جەمسەری ئاژەڵداریی ئێران ناسراوە و بەرهەمەکانی ئەو پیشەیە یەکێک لە ڕێگاکانی بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی کەسانی نیشتەجێی زاگرۆس بووە. د_ پیشەی خۆراکی و دەرمانی: هەبوونی چەندین جۆر گیای خۆراکی و دەرمانی لە دارستانەکانی زاگرۆس و کەڵک وەرگرتنی بەجێ لەو وزەیە، خزمەت بە گەشەکردنی ئابووری دەکات.

بە سەرنجدان بەو خاڵانەی سەرەوە، دارستان و لێڕەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکرێ وەکوو دەرفەتێک بۆ گەشەسەندنی ئابووری کەڵکیان لێ وەربگیردرێت و گەشەسەندنێکی هەمە لایەنە بخوڵقێنێت و بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەو دارستانانە و نرخێک کە ڕێکخراوی خاروباری جیهانی (فائۆ) بۆ هەر دار بەڕوویەک کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵ تەمەنی هەیە ( نرخی ژینگەیی نزیکەی ٢٠٠ هەزار دۆلار) دیاری کردووە، زیاتر لەجاران لەم سەرمایە نەتەوەییە ورد دەبینەوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەشێوەیەکی سیستماتیک دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان ئاگریان تێ‌بەردراوە و لە دەرفەتەوە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتوانی زاگرۆس. ئاگرگرتنی دارستان و لێڕەوارەکان، زیانێکی لەڕادەبەدەری بە گیانلەبەرانی زاگرۆس گەیاندووە و بووەتە مەترسی لەسەر گیانلەبەران و تەنانەت جۆرەکانی گوڵ و گیای ناوچە، بۆ وێنە لەو شوێنانەی کە ئاگر دەگرن هەرگیز جۆرێکی گەوون شین نابێتەوە.

بە ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکان، دابەزینی پیتی خاک و لەنێوچوونی مادە کانزاییەکان، هاتنی سێڵاو بەهۆی نەبوونی بەربەستی سرووشتی، لەنێوچوونی ژینگەی ئاژەڵان و جۆرەکانی ڕووەک و پیس بوونی کەش و هەوا، زیانی قەرەبوو نەکراوی بۆ ئێکۆسیستم بەدواوە هەیە.

هۆکاری جۆراوجۆر لەپشت ئەو ئاگرکەوتنانەوەن وەکوو:

١_ هۆکارە سروشتییەکان: هەورەتریشقە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی.

٢_ هۆکارە مرۆییەکان: ئەلف_ ئاگرکەوتنەوە بەهۆی دوژمنایەتیی هۆزەکانی ناوچە کە سروشت و لێڕەواری ناوچەکانی یەکتری ئاگر دەدەن.

ب_ گۆڕینی شێوەی بەکارهێنان: کەسانێک بە کەڵک‌وەرگرتن لە دەستڕۆشتوویی و پەیوەندییەکانی خۆیان، کەڵکی خراپ لەو دارستانانە وەردەگرن و دوای ئاگردانی ئەو ناوچانە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی گەڵاڵە کشت وکاڵی و پیشەییەکانی خۆیان، بەکاری دێنن. ج _ کەمتەرخەمیی گەشتیاران. د_ هۆکارە سیاسییەکان: ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان بەهۆی دەست و پەیوەندییەکانی ڕێژیم و بەتایبەت سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی دژبەرانی چەکدار کە چەند ئامانج دەپێکێت.

١_دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیم بە ئاگردانی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان، بەجۆریک لە جۆرەکان ئابووریی خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە کە لە ڕێگای مەڕ و ماڵاتەوە ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، لاواز دەکات هەتا بەکەڵک‌وەرگرتن لەهەژاریی ئەوان، پەلکێشی نێو هێزەکانی گرێدراوی سوپا وەکوو بەسیج بکات. ٢_ دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم بەئاگردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان و تاوانبارکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بەو کارانە و کەڵک وەرگرتن لە کەناڵە میدیایی و ڕاگەیاندنەکانی خۆی، دەیهەوێ خەڵک بە نیسبەت ئەو هێزە کوردیانەوە ڕەشبین بکات. ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٧٠%ی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئێران، لە ٥ پارێزگای کوردستان تۆمار کراوە، تەنیا لە ئیلام و لوڕستان زیاتر لە ٣٠٠٠ هیکتار لە دارستان و لێڕەوارەکان لەئاگردا سووتان و هەموو ئەمانە ئێمە بەرەوڕووی ئەو پرسیارە دەکەنەوە کە؛ چ دەستێکی نهێنی لە پشتی ئەم تاوانەیە کە دەرحەق ژینگەی کوردستان دەکرێت؟
بەدڵنیاییەوە ڕێژیمێک کە بەردەوام بە ڕوانینێکی ئەمنیەتی چاو لە کوردستان دەکات، بە سەرنجدان بە هاتوچۆی هێزەکانی کورد لە ڕێگای دارستان و چیاکانەوە بۆ کوردستان، بە بیانووی پێشگرتن لە ئەو هاتوچۆیانە ئەو ناوچانە ئاگر دەدات، هەتا هێزە کوردییەکان بە هاسانی نەتوانن هاتوچۆ بکەن.

بە سەرنجدان بە ویستی دەروونیی دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیم و هەروەها ئەسەتم بوونی ڕیگای ئەو ناوچانە و نەبوونی هەلیکۆپتەر کە تەنیا کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە چیاکانە و هەروەها نەبوونی بوودجە و ...هتد، تەنیا خەڵکی ناوچە بەهاوکاریی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی سەرەتایی، دەچنە شەڕی ئیژدەهای ئاگر و ڕێگای پاراستن و پارێزگاری لەم سەرمایە نەتەوەییە دەگرنە بەر و لە هیچ هەوڵ و تەقەلایەک درێغی ناکەن.

بۆ پاراستنی ژینگە و بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەگەری ئاگرکەوتنەوە، تەنیا دەبێ پشت بە هێزە دڵسۆز و خۆجێیی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کورد کە لە شارەکانی کرماشان، ئیلام، کامیاران، سنە، مەریوان، گیلانی ڕۆژئاوا، بانە و جوانڕۆ چالاکن ببەستین و دوا وتەش، ئەوەی کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا ئەرکدارین بۆ پاراستن، پارێزگاری و بووژاندنەوەی ژینگە و لە ئێستا و داهاتوودا هەوڵێکی زیاتر بدەین.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا