• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کاناڵی ئۆستانیی زاگرۆس خزمەت یان بێڕێزی!

زایینی: ٢٢-٠٥-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٣/٠٢ - ١٤:٥٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کاناڵی ئۆستانیی زاگرۆس خزمەت یان بێڕێزی!
ئاوات ساروج

نزیک بە ١٥ ساڵ دەبێت کە کانڵی دەنگ و ڕەنگی زاگرۆس لە کرماشان میوانی ماڵانە، کە چی زۆر جار ئەم کاناڵە ئۆستانیە کەوتووەتە بەر ڕەخنەی تۆند، هێرشی قەڵەم و گلەیی زۆر کەس کە پێیان وایە ئەم کاناڵە بێجگە لە سووکایەتی و بێ نرخ پیشان دانی زمان، فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردی لەم ئۆستانە، هیچ چەشنە خزمەتێکی نەکرووە! دەنگ و ڕەنگی کرماشان پتر لە ٩٠%ی بەرنامەکانی بە زمانی فارسییە و هەر بە ناو کاناڵی زاگرۆسە، هەرچەند پێشتر وەک ڕەخنە و گازندەش گوتراوە؛ دەبا ناوی ئەم کاناڵە ئەلبۆرز بوایە، چوونکە کەمترین بەرنامەی بە زمانی کوردی لە کرماشان هەیە و هەر بە ناو، زاگۆرسە!

نزیک بە ١٠%ی بەرنامەکانی ئەم تیڤییە کە ڕێژیم ناوی''تیڤیی ئۆستانی زاگرۆس'' یان خود شەبەکەی مەحەلیی زاگرۆس ناوزەد کردووە، بێجگە لە زمانی تەنز، پێکەنین و تەنانەت گاڵتە کردن بە زمان و فەرهنگی خەڵک لە دەڤەری کرماشان، زۆر جار شێوەزارەکانی کوردیی لەم ئۆستانە بە شێوەیەکی کارامە تێکەڵ بە زمانی فارسی و هەروەها زمانی دەستکردی فارسیی کرماشانی دەکات کە خۆی بە زمانی کووچە و بازاڕ ناسراوە و هیچ بنەما و بناغەیەکی ئەدەبی، زانستی، زمانی و کولتووریی نیە و وشەگەلێک کە لەم تیڤییە بەکار دێت، نە کوردیە و نە فارسی، کەچی لە لایەن کەسانیکی سەر بە ڕێژیم، مەرکەزگەرا، پان ئیرانیست و ... بە زمانی فارسیی کرمانشاهی دەناسێندریت! وەک ئەوەی کە بێژین زمانی تورکیی تارانی، زمانی فارسیی تەبریزی و..... زمانی تەنز و گاڵتەجاڕی لە دەنگ و ڕەنگی کرماشان هیچ پرەنسیب و بناغەی ئەدەبی و زانستیی نیە و تەنیا خاوەن و هەڵگری بڕێک سووکایەتی بە زمانی کوردی و داب و نەریتی خەڵکە.

بۆ شی کردنەوەی ئەم بابەتە دەڕۆمە نێو ناخی پیلان و پرۆژەی ئاسمیلە کردنی زمان،چاند، فەرهەنگ، داب و نەریت، کەسایەتی و بەگشتی کۆمەڵگەی کوردی لەم دەڤەرە کە گەورەترین شاری کورد نشینی کوردستانە. ورد کردنی وشەی ڕەسەن و دەوڵەمەندی کوردی بە زانا بوون، کردنە بەری جلوبەرگی کوردی لە بەر کەسایەتییەکی کورد کە شاری نەدیوە، نەزان و ناشارستانی و هۆڤ (وەحشی) نیشان دانی کەسی کورد لە بەرنامەیەک، کە خۆی زمانی پێکەنیناوی، گاڵتە جاڕی، نەخوێندەوار، شار و بازاڕ نەدیو،] ڕاستەوخۆ گاڵتە بە گوندنشینان کردن[وەک مرۆڤی پاشکەوتوو کە یەکمجارە دێتە نێو کۆمەڵگە، بەم چەشنە و دەیان سووکایەتی و بێڕێزی کردنی دیکە بە مرۆڤی کورد لە بەرنامەکانی کاناڵی زاگرۆس دەبیندرێت کە بەداخەوە زۆرن ئەو کەسانە کە بە بێ بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە پیلان و ئامانجی پشتی پەردەی بەرپرسانی تیڤیی ئۆستان، بۆ ماوەیەکی کورت بەزمێکی پڕ لە پێکەنین بۆ حەسانەوە و دوری لە کێشە و گرفتەکانی ژیان، شەوانە دەبنە میوانی ئەم دوژمنە زمان شیرینە!!

ڕواڵەتی دەنگ و ڕەنگی کرماشان، بۆ پیشان دانی کەسایەتییەکی دز، درۆزن، نەزان، گیرۆدە بە مادەی هۆشبەر، کێشە خوڵقێن و سەیر و نامۆ بۆ کۆمەڵگای پێشکەوتوو و خاوەن شارستانی لەم تیڤیە، وا پیشان دەدات کە کورد ئەم کەسایەتییەی هەیە و ناو ماڵی سادە، ناڕێک، هەڵسوکەوتی پاشکەوتووانە و پر لە نەزانین و جۆک، بۆ خۆی دەبێتە بەزم و بۆ چەندین چرکە سات هەفتانە یان لە هەندیک وەرزدا شەوانە گەرماییەکی سۆزناک و داهاتوو وێرانکەر، دەداتە زۆرینەی کوردەماڵان. لێرەدا کەسی کورد هەست بە خۆ بەکەم بینین، دوور لە شارستانییەت، نەخوێندەوار و دەرکراو لە هەموو چەشنە تکنیک، زانست، فەرهەنگ و تێگەیشتن دەکات، چوونکە ئەو کاتەی هەست بە هەبوون بکات، دەزانێت زۆر ساڵە زۆر بە ڕێز و نرخەوە چۆن هاندراوە بۆ ئاسمیلە بوون و دوور خستنەوە لە هەموو کیان، داب و نەریت و هەست و نیستی خۆی بووە و کاتی بینینەوەی خۆی لە شاری کرماشان، دەبێت قسە کردن بە زمانی دایکی، پۆشینی جل و بەرگی کوردی و ...بۆی عەیب و عار بێت و خۆی بە ڕەنگی فارسێک دەربهێنیت کە خاوەنی تێگەیشتن، زانست، تکنیک و هەموو چەشنە باشەیەکە!!

سیاسەتی نەرمی ئاسمیلاسیۆنی درێژماوە لە لایەن ڕێژیمەوە لە دەنگ و ڕەنگی کرماشان جێبەجێ کراوە و زۆر جار لە لایەن کەسانی ڕۆشنبیر، خاوەن هەست، کوردپەروەر، لێکۆلەر و خوێندکارەوە لەقاو دراوە، کەچی هێشتا شەڕی ڕەوانی، تەبلیغاتی بە ئاسمیلە کردنی یەکجاری، دژایەتی زمان و فەرهنگی کوردی، ورد کردنی کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگای کوردی لەم ئۆستانە لە لایەن سیستمی ناوەندگەرا و بە فارسیزمە کردنی تاک و کۆمەڵگای کوردی بە گشتی بەردەوامە و بۆ ڕێژیم تێچووی زۆری هەبووە.

سیاسەتێکی نەرم، بە بێ کوشتن، تیرۆر و لەناو بردنی فیزیکیی تاکی کورد، مێشک، کەسایەتی، ناخ و ناسنامەی مرۆڤی کورد دەبات و کەسێکی بێشۆناس و دوور لە کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگادا بەڕەڵڵا دەکات! هاندەرانی ئەم تیڤییە بێشک سەر بە ڕێژیم و زۆریش بە وشیاری و بە پرۆژەیەکی بەهێزەوە شەوانە هەر بە ئاشکرا خۆیان بە ماڵاندا دەکەن و ناخ و هەستی تاکی کورد لە خۆی پووچەڵ دەکەنەوە و کەسایەتییەک دوور لە شوناسی کوردیی خۆی ساز دەکەن، کە کاتی هەست کردن بە ئەم پووچەڵ بوونە بڕێک گران و لە بواری سایکۆلۆژییەوە گرێ، خۆ بەکەم بینین و هەست بە بەتاڵ بوونێک دەکرێت کە ئەوەندە بەسە ئەم تاکە بۆ جارێک لە مەیدانی ئازادیی تاران هەست بە بێشوناسیی خۆی بکات!!

لەقاودانی سیاسەتی چەوت و ئاسمیلە کردنی مرۆڤی کورد لە کرماشان، ئەرکی هەموو مرۆڤدۆست، تێگەیشتوو و تێکۆشەرێکە کە دڵی بۆ نیشتمان، زمان، خاک و کورد بوونی خۆی لێ بدات، چوونکە ئەم شەڕە ڕەوانییە بە بەردەوام بوونی خۆی، کۆمەڵگایەکی بێ شۆناس و تەریک کەوتوو لە هەست و نیستی خۆی پیشان دەدات کە بە ژیانی دوێنێ و پێرێی ئێمە و بۆ پێشینە و دیرۆکمان زۆر نامۆ و تارماییەکی پڕ لە ترس و ماڵوێرانکەریی پێوە دیارە. دوژمنی فارسیزمگەرای ئێران پتر لە هەشتا ساڵە سیاسەتی دوور خستنەوەی تاکی کورد لە خودی خۆی و ڕەسەنایەتی و داب و نەریتی، بەڕێوە دەبات و لە ڕەنگ و دەنگ بگرە هەتا لە ڕێگای خامە، نووسین، پەرتووک و ....تەنانەت بە سازی ناوەندگەرای کەویری کە تینووی هەموو کیانی مرۆڤە، بۆ لەناو بردنی تاک و کۆمەڵگای نەتەوەی کورد، هەڵدەپەڕێت و هەوڵ دەدات زمان و فکر، مێشک و هەستت لێ بە هەرزان بستێنێت. ئەرکی وریا کردنەوە و ڕۆشنگەری بۆ نەهێشتنی ئەم قەیرانە، لە ئەستۆی تاکی ڕۆشنبیر و زانای وڵاتمانە کە دەبێت زوو بە زوو بۆ ئاشکرا کردنی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە زانیاری بدرێت و هەرکەسە و بە چەشنیک لێی بەرپرسیار دەبین.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک