کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوتە پێک ناکۆکەکانی هاشمی لە ساڵانی ٥٨ و٩٥دا

19:42 - 2 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: هاشمی ڕەفسەنجانی لە ڕێورەسمی ٣٤ مین ساڵڕۆژی دامەزرانی زانکۆی ئازادی ئیسلامیدا سەبارەت بە داخرانی زانکۆکان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕەخنەی گرتووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ناوبراو ڕایگەیاندووە کە : ئەو کاتە کە خوێندکاران شۆڕشیان کرد هەلوومەرجی نێوخۆی ئێران وای دەرەخساند کە زانکۆکان دابخرێن بەڵام ئەمن لەگەڵ ئەو کردەوەیە نەبووم و کارێکی هەڵە بوو.

ئەم گوتەیەی هاشمی لە حاڵێکدایە ناوبراو لە کتێبی هاشمی و ئینقڵابدا هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی هەیە و لە وتوووێژەکانی لە ڕێکەوت ١٤ی خەرمانانی ٥٨دا دەڵێ بابەتی چاپەمەنی، هەستیارییەکی گرینگی هەیە و لەسەر داخرانی زانکۆکان بۆ ئاڵوگۆڕ لەسەر زانکۆکان جەختی کردۆتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کتێبەدا بە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ٥٨دا هاتووە: با ئاژاوە بگێڕن.... ئەو کاتە لە پیش چاوی خەڵکدا سزایان دەدەین، پێشگرتن لە کردەوەی( گرووهەکەکان) ئەوان زۆر ئاسانە... لە دژایەتی ناترسین. ئێستا دەست پێ بکات باشترە تاکوو ٣مانگی دیکە.

ناوبراو پێشتریش لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندبوو کە چەند کەسێک پێشتر لەگەڵ من ناکووکیان هەبوو بەڵام ئێستا لەگەڵم ڕێک کەوتوون؛ ئەوە من نیم کە ‌هەڵوێستم گۆڕابێت بەڵکوو ئەوە دژبەرەکانم گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.

هاشمی ڕەفسەنجانی بە یەکێک لە کەسایەتییە پڕنفوزەکانی کۆماری ئیسلامی دەژمێردرێ کە هاوکات لەگەڵ نەخشی دیاری لە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەستێکی باڵاشی لە ئەنجامدانی تێرۆری کەسایەتییە جیابیرەکان هەبووە کە گرینگترینیان تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕێستۆرانی میکۆنۆسە.