کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی حاجی قادری کۆیی

22:18 - 3 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە، بەشداریی لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی حاجی قادری کۆیی‌دا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی مەی ٢٠١٦، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە ئامادە بوون و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی یادی ٢٠٠ ساڵەی حاجی قادری کۆیی‌دا کرد.

کۆنفڕانسی یادی ٢٠٠ ساڵەی حاجی قادری کۆیی بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ، لە ٣ تەوەری؛ زمان و ئەدەبی حاجی قادر، لایەنی مێژوویی و ڕەهەندە ڕۆشەنگەرییەکانی، بەردەوام دەبێت و لە لایەن توێژەران، ئەدیبان و لێکۆڵەرانی پسپۆڕەوە ژیان و شێعرەکانی حاجی قادری کۆیی تیشکیان دەخرێتە سەر.

حاجی قادری کۆیی سەرباری ئەوەی شاعیرێکی گەورەی کوردستانە لە سەدەی نۆزدەی زاینیی‌دا، بەتایبەت لە پاش کۆتایی هاتنی سیستمی میرنشینی، ڕۆڵێکی مەزنی لە سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی سەردەمی خۆیدا هەبووە.

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی یادی ٢٠٠ ساڵەی حاجی قادری کۆیی، پاشنیوەڕۆی ٣ی جۆزەردان، بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتێک لە ژێر ناوی ئارامی ڕۆح کۆتایی بە کارەکانی دێت.

15020.jpg