کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپا، سەرەخۆشی بۆ تیرۆریستە لوبنانییەكەی دەگرێت

22:19 - 3 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: سپای تیرۆریستیی پاسداران، ڕۆژی سێ شەممە بۆ موستەفا بەدرەدین، فەرماندەی پایەبەرزی حیزبوڵڵای لوبنان كە لە سووریە كوژرا، سەرەخۆشی دادەنێ.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیەدا كە هەواڵدەریی تەسنیم بڵاوی كردوەتەوە، دەوترێ كە فەرماندەی كوژراوی بەكرێگیراوانی حیزبوڵڵای لوبنان خاوەنی توانایەكی زۆر لە بواری پلاندانانی شەڕدا بووە.
ڕێژیمی ئێران یەكێك لە گرینگترین لایەنگرانی بەشار ئەسەدە.

میلیشیاكانی حیزبوڵڵای لوبنان كە یەكێك لە تاقمە تیرۆریستییەكانی ڕێژیمی تارانن، بە یارمەتیدانی هێزە سەربازییەكانی ڕێژیمی ئێران و تاقمەكانی دیكەی سەر بە كۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا، بۆ سەركوتی ئازادیخوازان و نەیارانی ئەسەد یارمەتیی هێزەكانی ڕێژیمی سوریە دەدەن.

ڕێژیمی ئێران و سووریە، نەیارانی ئەسەد بە بێ جیاوازی بە تەكفیری ناو دەبەن، بەڵام لە ڕوانگەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، تەنیا داعش و بەرەی نوسرە بە گرووپی تیرۆریستی دەناسرێن و ئاگربەستی سووریە ئەوان لە خۆ ناگرێت.

لە بەشێك لە بەیاننامەی سپای تیرۆریستیی پاسداراندا گوتراوە كە بەدرەدین لە دوای كوژرانی عیماد موغنیە، ئەركی ڕێبەریكردنی لقی سەربازیی حیزبوڵلای لوبنانی گرتووەتە ئەستۆ.

موستەفا بەدرەدینیش هەر وەك موغنیە لە لیستی ڕەشی گەمارۆكانی ئەمریكادا بوو. ئەو یەكێك لە گومانلێكراوە سەرەكییەكانی تیرۆری ڕەفیق حەریری، سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنان بوو و بە تۆمەتی بەشداربوون لە داڕشتنی پیلانی بەشێك لە بۆمبدانانەكاندا، لە كوەیت حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، بەڵام لە كۆتاییدا هەواڵی هەڵاتنی لە زیندان بڵاو بووەوە.