کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەنجێکی ئەفغانی لە یەزد لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

22:34 - 3 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی ستەمکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کۆچبەرە ئەفغانییەکان لە ئێران، گەنجێکی ئەفغانیی تەمەن ٢٠ ساڵان لە یەزد کوژرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، گەنجێکی کۆچەری ئەفغانی، تەمەن ٢٠ ساڵان لە یەزد، بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی پۆلیسی زانیارییەوە گیانی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی هەواڵدەریی هێرانا لە ئێران، بڵاوی کردووەتەوە کە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ئەوساڵ، ئێحسانۆڵڵا ئێحسانی شارۆمەندی ئەفغانی لە شاری یەزد، لە لایەن پۆلیسی زانیاریی یەزدەوە قۆڵبەست کراوە و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی پۆلیسی زانیاری، لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەردا لەهۆش چووە و نێردراوەتە نەخۆشخانەی فاتمەی زەهرای یەزد و دوو ڕۆژ پاشتر، لە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەردا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

جێی باسە یەدۆڵڵا ئێحسانی برای ئێحسانۆڵڵا ئێحسانی لە وتووێژێک لەگەڵ هێرانادا ڕایدەگەیەنێت کە؛ براکەم تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو. لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا بە هۆی دزییەوە لە لایەن پۆلیسی زانیاری لە شاری یەزد، قۆڵبەست کرابوو، بەڵام دوا‌تر
ئاشکرا بوو کە بێ‌تاوانە و ئازاد کرا. بەڵام ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ، دیسانەوە قۆڵبەستیان کردەوە.

برای ناوبراو لە دڕێژەدا ئاماژەی کرد کە؛ باوکم تەواوی بنکەکانی پۆلیسی زانیاری گەڕا هەتا دواجار ئاگادار بوو کە پۆلیسی زانیاری براکەمی قۆڵبەست کردووە و ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە باوکم نەدا و پێیان ڕاگەیاندبوو کە براکەم لە کاتی دەستبەسەربوونی‌دا، ئامێری شۆکێری کارەبایی پێ بووە. بەڵام هاوڕێکانی ئێحسانۆڵڵا ئەوە ڕەت دەکەنەوە و وەکوو پیلانێک باسی لێوە دەکەن و دەڵێن؛ کەسێکی نەناسراو زەنگی بۆ ئێحسانۆڵڵا داوە کە بچێ و شۆکێری لێ وەربگڕێت و هەر لەو کاتەشدا، پۆلیسی زانیاری ئێحسانۆڵڵا قۆڵبەست دەکات.

برای ناوبراو جەختی لەسەر هەبوونی شوێنی ئەشکەنجە لەسەر جەستە و سەری ئێحسانۆڵڵا کردووە و ڕایگەیاندووە کە؛ دایک و بابم تەنیا لە پشت شووشەی ژووری CCU چاویان بەئێحسانۆڵڵا کەوتووە و دایکیشم شوێنی قوپاویی لە پنا سەری ئێحسانۆڵڵا دیوە و تاکوو ئێستاش تەرمی براکەمیان نەداوەتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە کە هەرگیز تەرمەکەی نەبینین.

لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کۆچەرەکان، بەتایبەت کۆچەرانی ئەفغان لە بارودۆخێکی نائاسایدا بەسەر دەبن و هیچ مافێکیان نیە، تەنانەت منداڵانی ئەفغانی لە خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێراندا بێ‌بەشن و بنەوماڵەکان و گەنجانی ئەفغانی سووکایەتی زۆریان لە ئێراندا پێ دەکڕی.