کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ شەهیدان سەید ڕەزا درودگەر و سەروان چەکۆ ڕەحیمی لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو

23:13 - 3 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ دوو هاوڕێی شەهید، سەید ڕەزا درودگەر و سەروان چەکۆ ڕەحیمی لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ سویس، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ دوو هاورێی تازە کۆچکردووی دێموکرات، شەهیدان سەید ڕەزا درودگەر و چەکۆ ڕەحیمی بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆریادەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسوڵی بەرپرسی کومیتەی سوویسی ‌حیزب لە وتەیەکی کورت دا بە ناوی کومیتەی حیزبەوە پرسەو سەرخۆشیی لە ڕێبەری ‌حیزب، بنەماڵەی هەر دوو تێکۆشەر و ئەندامان،دۆستان و لاینگرانی حیزب کرد.

پاشان پارچە پەخشانیک بە دەنگی خاتوو شلیر دەرویشیپێشکەش کرا.

دواتر بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری ‌گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کوردستانەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

بەڕێز شەرەفی لە سەرەتای قسەکانیدا هێمای بە گەلێک تایبەتمەندیی تاکەکەسی، سیاسی و سەربازیی شەهید سەید ڕەزا دروودگەر و شەهید سەروان چەکۆ دا و بە دوو نموونەی هەرە بەرزی دێموکرات و کوردایەتی لە قەڵەم دان و باسی لە کاریگەریی بەرزی شەهید چەکۆ لە بواری ئەمنیەتییەوە کرد و گوتی: لەدەست چوونی شەهید چەکۆ ڕەحیمی تەنیا خەسارێک نەبوو لە حیزبی دێموکرات، بەڵکو خەسارێک ىوو لە هەموو کورد و سەروان چەکۆ بە بوونی زانیاری بەهێز و بەجێ و ورد، یارمەتیدەری ئەمنیەتی کوردستان بە گشتی بوو، کاک حەسەن شەرەفی لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە خەسار و کاریگەرییەکانی لەدەست چوونی ئەو دوو شەهیدە بەرزەی دێموکرات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە حیزب پلان و بەرنامەی نوێی بەدەستەوەیە، گوتی: دێموکرات بە هۆی ئەوەی کە کارەکانی بە کۆمەڵ و تیمی کردووە و بە تاک نەبەستراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەیدا کە بۆشاییەکی تێکەوتووە، بەڵام کەسانی تر و بە هەموومان، بۆشاییەکە پڕ دەکەینەوە. دێموکرات ڕۆژی یەکجار تاڵتر و دژوارتریشی بینیوە و لەوانەشە لە داهاتووشدا بیبینێ، بەڵام بە هۆی کاری تیمی و بە گرووپەوە، هیچ کات شکست ناخوا و لە ناو ناچێ.

لە درێژەدا بەرێز شەرەفی وێڕای بەرز نرخاندنی هاوخەمی و سەرەخۆشیی هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی حیزب لە باشوور و ناوخۆ و دەرەوە، گوتی: وەک شەهیدی ڕێبەرمان دوکتور قاسملوو دەیفەرموو، دەبێ باشترین پاداش بدەینەوە بە شەهیدانمان، واتە ڕێگایان درێژە بدەین.

شەرەفی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە گرینگیی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان کرد و گوتی: با هەر هەموومان لەو کۆڕانەدا بەڵێنی لەگەڵ شەهیدانمان نوێ بکەینەوە کە تاسەر درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازیان بین.
بە دوای قسەکانی کاک ‌حەسەن‌دا، پارچە پەخشانێک بە دەنگی چەنگیز سیگارچی پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتی لاوان و ژنان لە لایەن خاتوو مریەم سەفەریەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، بەڕێز هەڵمەت مەعرووفی وتارێکی پێشکەش کرد.

مەعرووفی لە سەرەتای قسەکانی‌دا، ئاماژەی بەوە دا کە سەروان چەکۆ تایبەتمەندیی یاکجار تایبەتی هەبوو، ڕاستگۆیی، پرنسیپ و دیسیپلین، کات ناسی، گوێگرێکی باش بۆ ڕەخنە و پێشنیار، بەڵام لە هەمووی بەهێزتر هیوا بە داهاتوو و دێموکرات و خەبات بوو. بە پێچەوانەی ئەوەی کە نەیارانی حیزب بڵاویان کردەوە، من کە تەنیا چەند ڕۆژ بەر لە کۆچی دوایی قسەم لەگەڵ کرد، تەنیا باسی هیوا و داهاتووی گەشی دەکرد و ئیمانی پۆڵایینی بە بەرنامە و ڕێبەریی حیزب هەبوو. ناوبراو باسێکی هەرە گرینگی لەمەڕ خۆڕاگریی شەهید سەروان چەکۆ و شەهید سەید رەزا دروودگەر پێشکەش کرد، خۆڕاگرییەک کە وای‌کرد نە لە سەردەمی خەباتی شاخ و نە لە ژیانی تاڵی باشوور، هیچ کات حیزب بەجێ نەهێڵن و لەگەڵ ڕۆژانی تاڵ و شیرینی حیزبدا، ڕێبەریی ئەو خەباتە بکەن.