کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دەڵێ لەگەڵ تێكدانی كۆبوونەوەكان لە لایەن داردەستەكانی خۆیەوە نیە

22:32 - 4 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: خامنەیی ڕایگەیاندووە كە لە ساڵانی پێشترەوە تاكوو ئێستا دژی تێكدانی كۆبوونەوەكان بووە .

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەكان، ناوبراو لە دانیشتنێكدا لەگەڵ خوێندكارانی كۆلێژی ئەفسەری و پەروەردەی پاسداریدا بە بۆنەی ساڵرۆژی گیرانەوەی خوڕەمشەهر لە ڕێكەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٦١دا ڕایگەیاندووە: كە هیچ كات لەگەڵ تێكدانی كۆبوونەوەكان لە لایەن لایەنگرانییەوە هاوڕا نەبووە.

خامنەیی ئاماژەی بەوە كرد كە هەندێك جار مرۆڤ و گەنجانێك كە لەوانەیە ساڵح و بە ئیمانیش بن، بە هۆی دژایەتی لەگەڵ تاكە كەسێك یان كۆبوونەوەیەكدا هەراوزەنا پێك‌ دێنن، بەڵام من هیچ كات لەگەڵ تێكدانی كۆبوونەوەكاندا هاوڕا نەبووم و دەبێ بە زانستەوە كاروبارەكان بچێتە پێش .

ڕیبەری ڕێژیم ڕوونی نەكردەوە كە ئەوانە چ جۆرە كەسانێكی ساڵح و بە ئیمانن كە كاریان نانەوەی ئاژاوە لە كۆبوونەوەكاندایە.

جێی ئاماژەیە خامنەیی لە ڕێكەوتی ١٨ی پووشپەری ١٣٧٨دا، لە كاتی ناڕەزایەتیی زانستگاكان و هێرش بۆ سەر زانكۆی تارانیشدا، بە هەڵڕشتنی فرمێسك و پاڕانەوەی ڕواڵەتی، داوای لە هێزە سەركوتكەرەكان كردبوو ئەگەر وێنەی ئەویش بدڕێنن، ئەوان بە توندوتیژی هەڵسوكەوت نەكەن و ڕایگەیاند كە با جنێو بە منیش بدەن، من چاوپۆشی دەكەم، ئەوە لە كاتێكدا بوو كە بە دەیان خوێندكار لە شەقامەكان و خەوتنگەكانی‌ خوێندكاریدا، كەوتنە بەر لێدان و قۆڵبەست كران و تەنانەت لە سەر بانی زانكۆكانیشەوە فڕێ درانە خوارێ كە بە تەواوی ئەم كردەوانە لە لایەن لایەنگرانی خامنەییەوە بوو، بەڵام دواتر بەرەوڕووی هیچ سزایەكیش نەبوونەوە.