کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسەی شەهیدان چەکۆ ڕەحیمی و سەیدرەزا دروودگەر لە ئاڵمان بەرێوە چوو

23:45 - 4 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بە بەشداری ئەندامانی حیزب و ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ڕێز لە کەسایەتی و تێکۆشانی شەهیدان چەکۆ ڕەحیمی و سەیدرەزا دروودگەر گیرا.

ئەو ڕێوڕەسمە رۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاری برێمنـی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچووە.

سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کورد و بەتایبەت شەهیدان سەروان چەکۆ و سەید رەزا دەستپێکی ڕێوەڕەسمەکە بوو.

پاشان شەهریار نەقشبەندی، بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتەیەکدا سپاسی میوانەکان و نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانی کرد کە هاوخەمی خۆیان بەو ڕووداوە دەربڕێوە.

باسێک سەبارەت بە تێکۆشانی کاک چەکۆ و کاک سەید رەزا لەلایەن هەریەک لە حاجی جوندی، سدیق بابایی و باباشێخ ناسری وەک هاوسەنگەران و هاورێیانی نزیکی ئەو دوو شەهیدە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ڕامیار فاتحییەوە و شەیدا ئوقاب پەنجە خوێندرایەوە.

هەروەها ژیاننامە و هۆنراوەی تایبەت بەو دوو شەهید لەو ڕێوەرەسمەدا خوێندرانەوە.

لە کۆتایی رێورەسمەکەش دا نوێنەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان (باکوور) و پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد( سووریا) قسەیان بۆ بەشدار بووان کرد و هاوخەمی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی. هەروەها نوێنەرانی کۆمکار، هاک پار،پارتی چەپی کوردی سووریا(بەرەی ڕیفۆڕم) وکۆمەلەی کوردی ماک بەشداری رێورەسمەکە بوون و پەیامی پرسە و سەرەخۆشی خۆشیان ڕادەستی بەرێوەبەرانی کۆڕەکە کرد.