کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش، بنكەیەكی هێزی ئاسمانیی ڕووسیەی خاپوور كرد

00:37 - 6 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە حەوتووی ڕابردوودا یەكێك لە بنكەكانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیەی لە ناوەڕاستی سووریە بە تەواوی خاپوور كرد.

بە گوێرەی هەواڵی BBC، ئەو بنكە ئاسمانییە بە ناوی تی ـ٤٠، لە ٦٠ كیلۆمتریی شاری مێژوویی تەدموور (پالمیرا) هەڵكەوتبوو. شاری تەدموور ساڵی ڕابردوو لە لایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كرا، بەڵام ئەمساڵ هێزەكانی ڕێژیمی سووریە بە پشتیوانیی هێزە ئاسمانییەكانی ڕووسیە توانیان بۆ جارێكی دیكە دەستی بە سەردا بگرنەوە.

وێنە ئاسمانییەكانی بڵاوكراو لە لایەن بی.بی.سییەوە دەری دەخەن كە لەو هێرشەی داعشدا، یەكەیەكی تەواوی پێكهاتوو لە چوار هێلیكۆپتەری شەڕكەر و نزیك بە بیست دەزگا ئۆتۆمبیلی سەربازیی ڕووسیە لە نێو چوونە.

كۆمپانیای ئەمریكاییئێسترانفۆریش كە تایبەتە بە كۆكردنەوەی هەواڵ و زانیاری، دەڵێ لەوانەیە ئەو هێرشە لە لایەن میلیشیاكانی داعشەوە كرابێتە سەر ئەو بنكەیە.

بە وتەی ئەو كۆمپانیایە، وێدەچێت ئەو هێرشە بە هاوێشتنی مووشەكی ئار.پی.جی كرابێت و لەوانەیە مووشەكەكان لە تانكەری سووتەمەنیی بنكەكەیان دابێت و بووبێتنە هۆی ئاگركەوتنەوەیەكی گەورە.

هەڵبەت داعش لە هەواڵێكدا كە لە ئۆرگانی فەرمیی خۆی (هەواڵدەریی ئەعماق)دا بڵاوی كردۆتەوە، بەرپرسایەتیی ڕاستەخۆی تەقاندنەوە و سووتاندنی ئامێرە سەربازییەكانی ئەو بنكەیەی وە ئەستۆ نەگرتووە و تەنیا باسی لە ڕوودانی ئاگركەوتنەوەیەك كردووە.

ماڵپەڕێكی سەر بە یەكێك لە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیە بەپێی وتەكانی بەرپرسێكی ڕێژیمی سووریە دەڵێ ئاگركەوتنەوەیەكی گەورە لە بەشی سووریی ئەو بنكەیەدا بۆتە هۆی ئاگرگرتنی تانكەرێكی سووتەمەنی و ئاگر بە خێرایی گەیشتۆتە هێلیكۆپتەر و ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی ئەو بنكەیە. بەرپرسانی ڕووسیە و سووریە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان لەو پێوەندییەدا نەگرتووە.