کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەكرێگیراوێكی ڕێژیم لە ئەمریكا بە هۆی پێشێلكردنی گەمارۆكان، سزا درا

00:39 - 6 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: دادگایەك لە نیویۆركی ئەمریكا بازرگانێكی ئێرانی كانادایی بە تاوانی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئامێری بەكەڵك لە بواری مووشەكیدا بە ٣ ساڵ زیندان مەحكووم كرد.

لە ڕاگەیەندراوی ڕێكەوتی ٣ی جۆزەردانی وەزارەتی دادی ئەمریكادا دەوترێ تۆمەتبار بە ناوی عەلیڕەزا پارسا لە ئۆكتۆبری سالێ ٢٠١٤دا بە یارمەتیی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریكا (FBI) دەستبەسەر كراوە. ناوبراو لە ژانویەی ساڵی ڕابردوودا دانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نابوو.

دادوەری دادگای مەنهەتەن كە سزای ئەو بەكرێگیراوەی ڕێژیمی دیاری كردووە، دەڵێ ناوبراو هەوڵی داوە بە كڕینی ئامێری پێشكەوتووی ئیلێكترۆنیك، لە ڕێگەی كاناداوە بیانگوازێتەوە بۆ ئێران، هێندێك لەو ئامێرانە لە بەرهەمهێنانی مووشەك و ڕۆكێتیشدا بە كار دێن.

هەروەها جان كارلین، یاریدەدەری دادستانی گشتی دەڵی: ناوبراو لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەردەوام یاساكانی هەناردەكردنی پێشێل كردووە و یارمەتیی لایەنە ئێرانییەكانی داوە بۆ كڕینی ئامێری پێشكەوتووی ئێلێكترۆنیك كە هەم بۆ كاروباری بازرگانی بە كار دێن و هەم بۆ كاروباری سەربازی.

وەزراەتی دادی ئەمریكاش دەڵێ ئەو مۆرەیەی ڕێژیمی ئێران بە كەڵك وەرگرتن لە كۆمپانیاكەی خۆی لە كانادا بە ناوی مێتاڵ پی ئێم، داواكاریی بۆ كڕینی ئامێرەكان پێشكەش دەكرد. ئامێرەكان بۆ وڵاتی كانادا یان ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێ دەكران و دواتر ڕادەستی موشتەرییە ئێرانییەكان دەكران.

پارسا لە گرێبەستەكانیدا لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكاییەكان وڵاتێكی دیكەی لە جیاتی ئێران وەكوو شوێنی وەرگرتنی ئامێرەكان ڕادەگەیاند.

وەزارەتی دادی ئەمریكا دەڵێ پارسا تەنانەت پاش دەستبەسەركران، لە زیندانیشەوە درێژەی بە پێشێلكردنی گەمارۆكان داوە.

تۆمەتی ڕاگەیەندراوی ئەو دەڵاڵی چەكوچۆڵەی ڕێژیمی ئێران پێشێلكردنی گەمارۆكانی پێوەندیدار بە پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیك، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و پاڵپشتیی دەوڵەتی لە تیرۆریزمە.