کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای پاسداران بە تیشێرت و جێ کلیدی لایەنگر بۆ قاسم سلێمانی دەدۆزێتەوە

00:50 - 6 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: دەزگا ئیتلاعاتی و نیزامیەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بە هۆی بێ ئیعتبارییان لە نێو خەڵکدا لە هەموو ئامرازێک کەڵکی نابەجێ وەردەگرن تاکوو سرنجی خەڵک بۆ لای مۆرەکان و دامودەزگاکانی ڕێژیم رابکێشن.

بەپێی ئەوهەواڵانەی لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتوون، سوپای پاسدارانی رژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ژێر ناوی یارمەتیدان بە خەڵک و منداڵانی هەژار و کەم داهاتدا خەریکی پڕوپاگەندە بۆ مۆرەکانی ڕێژیمە.

سوپای پاسداران لە شار و گوندەکانی کوردستان خەریکی پڕوپاگەندە بۆ دامودەزگای ئیلاعاتی و سپای پاسداران و مۆرەکانیان و بەتایبەت قاسم سلێمانیی تیرۆریستی بەناوبانگی ڕێژیمە و بەم شێوازە دەیەوێ جێگایەک لە نێو خەڵکدا بۆ دەزگا نیزامی و ئیتلاعاتیەکان و بەرپرسانی سەرکوتکار و تیرۆریستی بدۆزێتەوە.

بەپێی هەواڵ، لە شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێ، لە ئاواییەکانی حەسەن تووران و پرداوێ و ئەو ناوچانە، چەند رۆژێکە کە سوپای پاسداران لە ژێر ناوی سەردانی قوتابخانەکان و یارمەتیدان بە منداڵانی بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکاندا، کۆبوونەوە بۆ منداڵان دەگرێ و تیشێرت و جێ کلیدی و کیف و شتومەکی لەوبابەتە بە منداڵان دەدەن کە وێنەی تیرۆریستی بەناوبانگ قاسم سلێمانییان لەسەرە.

جێگای ئاماژەیە کە دامودەزگاکانی نیزامی و ئیتلاعاتیی ڕێژیم لە کوردستاندا جێگە و پێگەیەکیان نییە و بەرپرسان و سەرانی ئەو دەزگایانە لە نێو خەڵکی کورددا بێزراون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە ئەمە دەزانێ لەم جۆرە کردەوە و پەلەقاژانەدا دەیەوێ ئێعتبار بۆ تیرۆریستانی کۆ بکاتەوە و بە تیشێرت لایەنگر بۆ تیرۆریستانی بدۆزێتەوە.

شیاوی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ساڵانی پێشووشدا دامودەزگاکانی ڕێژیم کراس و شتومەکی لەوبابەتەیان کە وێنەی سەرانی رژیم و بەتایبەت خومەینی و خامنەییان لەسەر بوو لە نێو خەڵکی کورددا بڵاو دەکردەوە، خەڵک لەو شتانە بۆ کاری سووکی خاوێنکردنەوەی شوێنە پیسەکان کەڵکیان وەردەگرت تاکوو نیشان بدەن کە ڕەمزەکانی ڕێژیم لە نێو کوردستاندا جێگایان نابێتەوە.