کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلینۆمی سێزدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات کۆتایی پێ هات

00:54 - 6 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی خۆی دا دۆخی سیاسیی ناوچەی هەڵسەنگاند و بڕیاری لەسەر کاروبارەکانی لەپێشی دا. بەو بۆنەوە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە نێوەڕکی باسەکانی پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی کرد کە دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی١٣٩٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە٢٤ ی مانگی مەی٢٠١٦ی زایینی، سێزدەهەمین پلینۆمی خۆی پێکهێنا.

پلینۆم سەعات ٩ی بەیانی بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێ‌دەنگی و بەپێوە ڕاوەستان بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەتی شەهیدانی ئەم دوایانەی حیزب و گەل کاک چەکۆ ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کاک سەیدڕەزا دروودگەر، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، کارەکانی خۆی بەپێی دەستووری کاری ئەم پلینۆمە دەست پێ‌کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کارەکانی پلینۆمدا سکرتێری گشتی حیزب بەڕێز کاک مستەفا هیجری باسێکی لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانە چ لە ئێران و چ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا پێشکەش کرد.

لە باسەکەی سکرتێری گشتی‌دا و لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا ئاماژە بەوە کرابوو کە ئابووریی ئێران پاش ڕێککەوتنەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ٥ کۆی ١(برجام)، هەروا شپرزەیە و بە ڕادەیەکی زۆر کەم نەبێ، باش بوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەدیوە. بانکە گەورە و ناسراوەکانی بیانی بە پارێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و بە گوێرەی چاوەڕوانیەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هاوکاری ناکەن، بۆیە نیگەرانییەکان بە جیاوازییەکی کەم بە نیسبەت پێش برجام هەر لە جێگای خۆیانن.

لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلە نێوخۆییەکانی ئێران، باس لە ناتەبا بوونی هەڵوێست و بڕیارەکانی خامنەیی لەگەڵ دەوڵەت و شەخسی حەسەنی ڕووحانی کرا بوو کە لە هێندێ مەسەلەی گرینگدا بە تەواوی دژ بە یەکن و لە باسەکەدا ئاماژە بە چەند نموونەی لەو بابەتە کرا بوو.

تێوەگلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی سووریە و لە دیفاع لە بەشار ئەسەددا، جگە لەوەی ئەو ڕێژیمەی لەبەرچاوی بیروڕای گشتی خەڵکی سووریە و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ناوچەدا دزێوتر کردووە، چوونە سەری ڕادەی کوژراو و بریندارەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە سووریە، لە نێوخۆی وڵاتدا دەنگی ناڕەزایەتی لێ بەرز بۆتەوە. هەروەها لەگەڵ هەڵگیرانی بەشێک لە گەمارۆکان، بەپێی سیاسەت و هەڵوێستی ڕێژیم سەبارەت بە مووشەکە بالستیکەکان و نیگەرانیی ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا لەو بارەوە، گەمارۆی دیکەی بەرەوڕووی ئێران کردۆتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا باسەکە ئاماژەی بە پیلانی ڕێژیم لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و ناکۆکی دروست کردن لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری لە پارێزگای ورمێ کردبوو کە ئاسەواری ئەو ناکۆکی نانەوەیە ئێستاش هەر ماوە و پێویستە بۆ لە نێوبردنی ئەو ناکۆکییە و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی هەوڵ بدرێ. هەروەها لە باسەکەی سکرتێری گشتی حیزبدا ئاماژە بە دەنگدانەوە و ڕەنگ دانەوەی پەیامی نەورۆزیی حیزب لەو کات و لەو شوێنەدا کرا بوو، و پێداگری لەسەر ئەنجامدانی و کارکردن بۆ گەیشتن بەو هەدەفانە کرابووەوە کە نێوەرۆکی پەیامەکەیان پێکهێنا بوو.

لە پێوەندی لەگەڵ دژکردەوەی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان بەرانبەر بە بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە پاشەکشەی ڕێژیمی بە دواوە بوو، بە کردەوەیەکی بەرهەمدار زانی و نیشانی‌ دا کە هێزی یەکگرتووی خەڵکی کوردستان دەتوانێ ڕێژیم لە بەشێک لە پیلان و سیاسەتە دزێوەکانی پاشگەز بکاتەوە.

باسەکەی سکرتێری گشتی ئاوڕی لە وەزعی تورکیە و کورد لە باکووری کوردستان دابووەوە و ئاماژەی بەو خەسارانە کردبوو کە لە ئاکامی ئەو شەڕەدا بەرەوڕووی خەڵکی ئەو وڵاتە و کورد لە باکوور بۆتەوە. ئەوەیش دەرخەری ئەو پێشبینییە بوو کە پێمان وابوو پەکخرانی ڕەوتی ئاشتی لەو وڵاتە ناتوانێ ئامانجی هیچ لایەک بێنێتە دی، بە پێچەوانە زیان و خەساری قەرەبوو نەکراوی بەدوادا دێ، بۆیە ئێستاش هیواخوازین کۆتایی بەم هەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ زیانە بێ و هەوڵی وەگەڕخستنەوەی ڕەوتی ئاشتی، هەرچەند لاوازیش بێ، بەئاکام بگا.

لێکدانەوەکە لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی عێراق و هەرێمی کوردستاندا باسی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم وڵاتە کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو کە کورد لە عێراق پاش ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێن دەورێکی بەرچاوی لە بونیاد نانەوەی حکوومەتی عێراق و پێکەوە ژیانی بەدوور لە کێشە و ئاڵۆزی گێڕا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی ناوەندی لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، نە ڕەچاوی شەراکەتێکی ڕاستەقینە و نە تەنانەت گرینگی بە یاسای بنەڕەتیی عێراق دا، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ هەوڵی دا دەسەڵاتی هەرێم کەم کاتەوە، حزووری کورد لە بەغدا کەمڕەنگ بکاتەوە و لە زۆربارەوە هەرێم لەگەڵ گێرە و کێشە بەرەوڕوو بکات. ئێستا کێشەی هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکراوە کە کێشەی نێوماڵی بەغداش سەری هەڵدا و ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی بەغدای گەیاندە خۆپیشاندان و تەنانەت کوشتن و بریندار کردن و گرتنی خۆپیشاندەران. لێکدانەوەکە بە دووری زانیبوو کە بەم زووانە وەزعی عێراق ئاسایی بێتەوە و کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. بۆیە وەزعی عێراق لەگەڵ ئاڵوگۆڕی مەنفی بەرەوڕوویە و دەراوێکی ڕوون بۆ چارەسەرییەکەی بەدی ناکرێ.

باسەکەی سکرتێری گشتی لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بەو ئاکامە گەیشتبوو کە؛ سەرەڕای هەموو هەوڵێکی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری وەزعی نالەباری سووریە، دوورەدیمەنێکی لەبار بۆ کۆتایی هاتن بەم شەڕ و ماڵوێرانیە نیە، بە تایبەت بە تێوەگلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێندێ لایەنی دیکە لەو شەڕەدا، بەدی ناکرێ. وەزعی کورد لەو وڵاتەش سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش ڕوون نیە، نە دەسەڵاتی ناوەندیی سووریە دان بە مافی کورد لەو وڵاتەدا دەنێ و نە ئۆپۆزیسیون ئاوڕێک لە دەوری کورد و داخوازییەکانی دەداتەوە و نە کوردیش لەو وڵاتە بەداخەوە یەکگرتوو و یەک هەڵوێست و یەک داخوازە. یەکگرتوویی کورد بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانینی موسبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ مەسەلەی کورد لە سووریە، دەتوانێ لەسەر چارەنووسی کورد لە سووریە شوێندانەر بێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا جارێکی دیکە باس لە پێکهاتەی ئورگانەکانی حیزب بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی نوێ و بەرنامەی تێکۆشانی حیزب درایەوە و بەشدارانی پلینۆم ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو مەسەلەیە دەربڕی.

بڕگەی کۆتایی کاری پلینۆم باسێک بوو لە پێوەندی لەگەڵ کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب. لەو بارەوە پاش باس و نەزەردانی بەشدارانی پلینۆم، ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە دیاری کران و ڕاسپێردران کە بۆ ئامادەکاری و جێبەجێ کردنی کارەکانی پێوەندیدار بە کۆنگرە دەست بەکار بن.

سێزدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کە بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، ئەندامانی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری کۆمیتەی کاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵات پێکهاتبوو، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/٣/٥
٢٠١٦/٥/٢٥


15053.JPG

15050.JPG

15051.JPG

15052.JPG