کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی یەمەنی لە بەرانبەر حوسییەکاندا هەڵوێستیان گرت

22:56 - 6 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: ژنانی یەمەنی لە خۆپیشاندانێکدا هەڵوێستێکی توندیان بەرانبەر بە حوسییەکاندا گرتە بەر.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بە دەیان ژن لە یەمەن ، لە سەر زیندانی‌بوونی منداڵەکانیان لە زیندانەکانی میلیشا حوسییەکان، قژ و ڕووبەندەکانی خۆیان ئاگر داوە.

ڕۆژنامەی هافینگتۆن پۆست بڵاوی کردوەتەوە، کە بەرانبەر بە کۆشکی سەرۆک کۆماری لە سەنعا کە حوسییەکان لە ژانوییەی ٢٠١٥دا داگیریان کردووە، دەیان ژنی یەمەنی، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ مانگی مەی، خۆپیشاندانیان کردووە و بۆ دەستبەسەربوونی منداڵەکانیان بە دەنگ هاتوون.

بەڵام لەم خۆپیشاندانەدا بە جێگەی تابلۆ یان پلاکارد، قژی خۆیان و ڕووبەندەکانییان ئاگر داوە.

لە کوڵتووری خەڵکی یەمەن، ئەم کردەوەیە ئاماژە بە زوڵم و زۆر و بێ حورمەتی بە کەسایەتییەکان دەکات.

ئەحمەد ئەلزرقە ، ڕۆژنامەوانی یەمەنی ڕایگەیاندووە، کە ئەم کردەوەیە کە لە لایەن ژنانی یەمەنییەوە ئەنجام دراوە، واتە ئەوەیە کە حوسییەکان هیچ حورمەتێک بۆ دین و ئەخلاق و تەنانەت عورفی تایەفەیی دانانێن.