کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئەمریكا باس لە كوژرانی فەرماندەیەكی داعش لە فەلووجە دەكات

22:37 - 8 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: وتەبێژێكی ئەرتەشی ئەمریكا ڕۆژی هەینی هەواڵی كوژرانی ماهر ئەلبیلاوی فەرماندەی سەربازیی داعش لە شاری فەلووجەی بڵاو كردەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتێرز، كۆلۆنێل ئێستیڤ وارێن، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمریكا لە شەڕ دژ بە دەوڵەتی ئیسلامیدا وتوویە: لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكادا بۆ سەر پێگەكانی داعش لە شاری فەلووجە لانیكەم ٧٠ كەس لە تیرۆریستەكان و یەك لەوانەش فەرماندەی داعش لەو شارەدا كوژراون.

ئەو وتەبێژە سەربازییە هەروەها گوتوویە: ئەگەرچی كوژرانی ماهر ئەلبیلاوی نابێتە هۆی ئەوەی كە دوژمن دەست لە شەڕ هەڵبگرێت، بەڵام ئەوە بۆ داعش خەسارێكی گەورەیە.

هێزەكانی عێراق بە پشتیوانیی ئەمریكا لەم حەوتوویەدا هێرشێكی بەربڵاویان بۆ گرتنەوەی شاری فەلووجە دەست پێ كردووە.

شاری فەلووجە كە لە ٥٠ كیلۆمتریی بەغدا هەڵكەوتووە، یەكێك لە پێگە سەرەكییەكانی داعشە و یەكەمین شاری عێراق بوو كە لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٤دا لە لایەن هێزەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەوە داگیر كرا.

فەلووجە لە دوای مووسڵ دووەمین شاری گەورەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراقدایە كە هێشتا لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامیدایە.

هاوكات وتەبێژێكی سوپای عێراقیش گوتوویە بە هۆی دانانەوەی مین و بۆمبی كەنار جادەیی لە لایەن هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، هێزەكانیان زۆر بە خاوی بەرەو شاری فەلووجە دەچنە پێش.

لە لایەكی دیكەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لایەنە سوننە عێراقییەكان نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر كاولكاری و ئەنجامدانی تاوانی شەڕ دژ بە خەڵكی سڤیلی فەلووجە لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە لە ژێر دەمامكی شەڕی دژ بە داعشدا دەربڕیبوو.