کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانێكی ئێرانی، بەرتیلی بە ڕێكخراوی خێرخوازیی ئامینە ئەردۆغان داوە

22:45 - 8 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: دۆزگەری گشتیی ئەمریكا ڕایگەیاند ڕەزا زەڕاب، بازرگانی ئێرانی سەرەڕای پێشیلكردنی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ٤.٦٥ میلیۆن دۆلار بەرتیلی بە ڕێكخراوی خێرخوازیی ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری سەركۆماری توركیە داوە.

هەواڵدەریی بلۆمبێرگ ڕۆژی پێنجشەمە ٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند دۆزگەریی ئەمریكا تۆمەتێكی دیكەشی بە دۆسیەی زەڕاب زیاد كردووە كە نیشان دەدات ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ بەملاوە بۆ نزیكبوونەوە لە كاربەدەستانی باڵای توركیە، بەرتیلێكی میلیۆن دۆلاریی داوەتە ڕێكخراوی خێرخوازیی ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

زەڕاب لە دەستڕۆیشتوویی خۆی لە نێو بەرپرسانی باڵای حكوومەتی توركیەدا بۆ دەورلێدانی گەمارۆكانی سەر ڕێژیمی ئێران كەڵكی وەرگرتووە.

ئەو بازرگانە ئێرانییە لە كۆتاییەكانی پاییزی ساڵی ١٣٩٢دا بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی و سپیكردنەوەی پارە وێڕای ژمارەیەك لە ئەندامانی بنەماڵەی بەرپرسانی حكوومەتی توركیە دەستبەسەر كرا. ناوبراو تەنیا چەند مانگێك لە زینداندا مایەوە و لە ئاكامدا دۆزگەریی توركیە دۆسیەكەی داخست.

بەڵام ماوەیەك دواتر دۆزگەریی ئەمریكا بە تۆمەتی پێشێلكردنی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و سەدان میلیۆن دۆلار مامەڵەی بانكی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ ڕەزا زەڕاب لە شاری مەیامەی دەركرد. پارێزەرەكانی زەڕاب داوایان كردبوو لە بەرانبەر دانانی ٥٠ میلیۆن دۆلار بارمتە و ١٠ میلیۆن دۆلار پارەی نەختیدا نابراو بگوازرێتەوە بۆ ماڵێك لە دەرەوەی زیندان و بەردەوام لە ژێر چاوەدێریدا بێت، بەڵام ئەو داواكارییە لە لایەن دۆزگەریی ئەمریكاوە ڕەت كرایەوە.

دۆزگەریی ئەمریكا هەروەها دەڵێ حكوومەتی توركیە هەوڵی داوە لە دەستڕۆیشتویی خۆی بۆ ڕزگاركردنی ڕەزا زەڕاب كەڵك وەربگرێت.