کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان سەبارەت بە بوونی \"قاسم سلێمانی\" لە عێراقدا هەڵوێستی گرت

23:00 - 8 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: عەرەبستان سەبارەت بە بەشداری کردنی قاسم سلێمانی لە شەڕی عێراقدا هەڵوێستێکی توندی گرت.

بەپێی هەواڵەکان، عادل ئەلجۆبەیر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی روسیە امروز(ڕووسیەی ئەمڕۆ)، ڕایگەیاندووە کە؛ قاسم سلێمانی، سپای پاسداران و سپای قودس لە لیستی تیڕۆریسم‌دا ناویان لێ براوە و هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بە بەشداریی قاسم سلێمانی لە شەری عێراقدا هەبووە و گوتوویە کە؛ سپای پاسداران بەگشتی لە سەرانسەری جیهاندا کردەوەی دژبەرانە و خرابکارانەی هەیە.

جابر ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، لە بەرانبەر هەڵوێستی عادل ئەلجۆبەیردا ڕایگەیاندووە کە؛ عەرەبستان مەترسیدارترین پاڵپشتی تیرۆریسمە لە جیهاندا.

جابر ئەنساری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە؛ بەشداریی قاسم سلێمانی و چەکدارانی ئێرانی بە خواستی وڵاتی عێراق و بۆ شەڕ لەگەڵ تیرۆریسم لە عێراقدا بووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ عەرەبستان ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە پاڵپشتی تیرۆریسم لە جیهاندا ناوی لێ دەبەن.

قاسم سلێمانی یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و لە شەڕی سووریە و عێراقدا بەشداریی زۆری هەبووە.

جێی‌باسە کە، پەیوەندیی دیپلۆماتیکی عەرەبستان و ئێران، لە مانگی ژانوییەدا بە دوای هێرشی لایەنگرانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان پچڕاوە و هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیکی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەماوە.

ئەو کێشانە بوونەتە هۆی ئەوە کە حاجیانی ئێرانی بە مەبەستی حەج کردن، سەردانی عەرەبستان نەکەن و سەبارەت بەم بابەتە، ئێران عەرەبستان بە کارشکێنی لە کاروباری حاجییەکاندا تۆمەتبار دەکات.