کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری پیسبوونی ئاوی هەرسین بە ڕادیۆئەكتیڤ لە ئارادایە

22:07 - 10 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین هەواڵ و دەنگۆی جیاواز و پێكناكۆك لەسەر پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری هەرسین بە مادەی ڕادیۆئەكتیڤ بڵاو بوونەتەوە.

لەو پێوەندییەدا دوكتور عەلی نەورووزی، پزیشكی ناسراوی شاری هەرسین بە خستنەڕووی كۆمەڵێك فاكت و بەڵگە ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئاوی ئەو شارەدا ڕێژەیەك لە مادە ڕادیۆئەكتیڤەكان هەیە.

ناوبراو لە وتووێژێكدا لەگەڵ بیستوون نیووز وتی: ئەوە دەرئەنجامی توێژینەوەی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ بووە كە لەو كتێبەدا تەواوی ئاوە ڕەوانەكان و بە تایبەتی ئاوی خواردنەوەی شار و گوندەكانی سەرانسەری وڵات لە ڕووی پیسبوون بە مادە ڕادیۆئەكتیڤەكانەوە پشكنینی بۆ كراوە و ئەو تاقیكارییە تەنیا تایبەت بە ناوچەیەك نیە، بەڵكوو بە شێوەی شوێن بە شوێن بەڕێوە چووە. لە بەشێك لەو توێژینەوەیەدا كە تایبەت بە پارێزگای كرماشان بووە، شاری هەرسین لە ڕووی پیسبوونی ئاوی شارییەوە بە مادە ڕادیۆئەكتیڤەكان، لە ڕیزی پێشەوەی ناوچە تاقیكراوەكاندایە.

دوكتور نەورووزی هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئێمە شوێنەواری زیانهێنەری ئاوی هەرسین دەبینین كە زۆربەی خەڵك بە دەست ئازاری جومگە و ئێسكیانەوە دەناڵێنن و من وەكوو كەسێك كە چەندین ساڵە لەم شارەدا كاری پزیشكی دەكەم، ئەو كێشەیە و ئازارەكانی خەڵكی هەرسینم بە چاوی خۆم دیتووە. شێرپەنجە بۆتە هۆكاری سەرەكیی مردن و من كەمتەرخەمیی هێندێك لە بەرپرسان بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی مێشك و ئێسك لەم شارەدا دەبینم.

لە بەرانبەر ئەو وتانەدا ئەسەدوڵڵا سادقی، بەڕێوەبەری دەفتەری كۆنترۆڵی كوالیتیی كۆمپانیای ئاو و ئاوڕۆی پارێزگای كرماشان لە وتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیسنا، خەڵكی لەوە دڵنیا كردەوە كە ئاوی خواردنەوەكەیان هیچ جۆرە پیسبوونێكی نیە و داوای لێ كردن باوەڕ بەو بە وتەی ناوبراو دەنگۆیانە نەكەن.