کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتارەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامە

22:34 - 10 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لێژنەی زانایانی عێراق ڕایگەیاند؛ حەشدی شەعبی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری فەللوجە جارێکی دیکە دەستی داوەتەوە کوشتار.

ماڵپەڕی العربیە لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی مانگی مەی، ١٧ هاووڵاتیی عێراقیی سوننە مەزهەب، لە ناوچەی کەڕامەی دەوروبەری فەللوجە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژراون و هاوکات سەرجەم مزگەوتەکانی دەوروبەری فەللوجەشیان خاپوور کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە، حەشدی شعبی ئەم کارەی بە بیانووی بەستراوە بوونی ئەم ١٧ کەسە بە داعشەوە ئەنجام داوە.

لەم پێوەندییەدا لێژنەی زانایانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە و تێیدا جینایەتەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێرانی مەحکوم کرد و ڕایگەیاندووە؛ کوشتنی موسوڵمانە سووننە مەزهەبەکان و لەنێو بردنی مزگەوتەکانیان بە بیانوی خەبات لە دژی داعش، سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی فیرقەگەرایانەی ئێرانە لە ناوچەدا.

هاوکات فەرماندە سوننە مەزهەبەکانی هێزە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم کردەوانەی حەشدی شەعبی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کردارە نامرۆڤانەکانی داعشدا نیە.

هەر لەمبارەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە پەلە بڕیاری داوە کە حەشدی شەعبی ناوچەکانی فەللوجە بەجێ بهێڵن و ناوچە ئازادکراوەکان ڕادەستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بکەنەوە.