کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری پیرانشار کۆچی دوایی کرد

23:53 - 10 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: مامۆستا مەلا خالید خاکی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری خەڵکی پیرانشار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مامۆستا مەلا خالید خاکی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی لکبنی ناوچەی لاجانی سەر بە شاری پیرانشاردا چاوی بە دنیا هەڵێنا و تا کۆتایی ژیانی لە مەهاباد نیشتەجێ بوو.

مامۆستا مەلا خالید خوێندنی لە خزمەت مامۆستا مەلامحەممەدی عوسمانی و شێخ عێزەدین حوسێنی و مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی لە حوجرەکان دەست پێ کرد و خوێندنی ئاینیی تەواو کرد.

مامۆستا مەلا خالیدی خاکی، لە تەمەنی ١٥ ساڵی‌دا شەرەفی ئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە لایەن کاک سەید ڕەسوڵ دێهقان(بابی گەورە) پێ بەخشرا.

لە تێکۆشانی ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧دا بەشداریی چالاکانەی هەبوو، ئەوکات وەک کادرێکی هەڵسووڕی حیزب خەریکی کار و چالاکی بوو، دوای سەرکوتی ئەو جووڵانەوە لە لایەن ساواکەوە، مەلا خالید خاکی گیرا و ڕەوانەی زیندان کرا و ٦ ساڵ لە زیندانەکانی ساواکی ئەوکات بەسەری برد.

دوای ئازاد بوونی و دەستپێکردنەوەی خەباتی نهێنیی حیزب، جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە تێکۆشان و کاری تەشکیلاتی.

لە شۆڕشی ساڵی ٥٧دا، لە ڕێکخستن و خۆپیشاندانەکانی ناوچەی نەغەدە، مەهاباد و پیرانشاردا چالاکیی بەرچاوی هەبوو.

ناوبراو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب، دیسان چالاکانە شانی دایە بەر و بەرپرسیارەتی ناوچەی سەرشاخان و لکبنی پێ ئەسپێردرا و ئەو ئەرکەشی بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند.

پاشان لە ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد، وەک بەرپرسی ناوچە دیاری کرا و ئەو ئەرکەشی وەکوو هەموو ئەرکە حیزبییەکانی دیکەی زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێ کرد. دوا بەدوای ئەوەش وەک هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتە شارستانی مهاباد هەڵبژێردرا و بەوپەڕی تواناوە هەوڵی دەدا لە پێناو ئامانجەکانی گەلەکەی‌دا.

مامۆستا مەلا خالید خاکی، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. سەرەنجام لە ساڵی ١٣٦٤دا، بە هۆی نەخۆشی و گرفتی بنەماڵەیی ناچار بوو سەنگەری خەبات و تێکۆشانی بگوازێتەوە و گەڕایەوە بۆ مەهاباد، بەڵام بۆ یەک ساتیش دڵ و مێشکی لە حیزب و جووڵانەوە مافخوازەکەی دانەبڕا و لە مینبەری مزگەوتەکان‌دا دەستی بە تێکۆشان کردەوە و وشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدا بە خەڵک، هەر بۆیە جارێکی دیکە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی زیندان کرا کە لە سەر یەک بۆ ماوەی ٥ ساڵ گیراوە و ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجەی زۆریان کردووە. زۆر جاریش سکاڵاکاری تایبەتیان لێ ڕاست دەکردەوە و ئازاریان دەدا و جەریمەی ماڵییان دەکرد. بەڵام ئەو ئازار دانانە هەرگیز کاریان لە باوەڕی ئەو پیاوە بە ئیمان و خۆشەویستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و مەهاباد و پیرانشار و نەغەدە بەتایبەتی نەکرد. مەلا خالید خاکی لە چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان‌دا نەخشێکی بەرچاوی هەبوو. جێگای ئاماژەیە کە مەلا خالید جێگە و پێگەیەکی باشی بۆ خۆی و حیزبەکەی لە ناوچەکەدا پەیدا کردبوو. جێگای ڕێز و باوەڕی خەڵک بوو.

بنەماڵەی مەلا خالید خاکی خاوەنی چوار شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبەکەیەتی بە ناوەکانی مام ڕەحیم خاکی، سەلاح خاکی، محەممەد خاکی و ساڵح خاکی. بەداخەوە مەلا خالیدی خاکی دوای بەربەرەکانێیەکی زۆر دەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٧٠ ساڵی‌دا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سه‌رەخۆشیی خۆی له بنەماڵه و خزم وکه‌س و کاری مامۆستا مەلا خالید خاکی دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.