• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

توندوتیژی بە دژی ژنان دوای تەواوبوونی شەڕ

زایینی: ٠٦-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠١/١٧ - ٠١:٢٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
توندوتیژی بە دژی ژنان دوای تەواوبوونی شەڕ
ئیبراهیم لاجانی

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، توندوتیژییەكی بەرین لە نێو ئەو بنەماڵانەدا هەیە كە پیاوەكانیان پاش تەواوبوونی شەڕ گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

ژنێكی كامبۆجی دەگێڕێتەوە كە مێردەكەی پاش تەواوبوونی خزمەتەكانی لە ڕیزی خەمیرە سوورەكان لە ساڵی ١٩٩١دا و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، بە شێوەیەكی بەردەوام بە دژی ئەو و منداڵەكانیان توندوتیژی دەنوێنێ. ئەو ژنە دەڵێ كە هاوسەرەكەی هێندە توندوتیژی دیتووە و هێندە بۆ خۆی توندوتیژی لە دژی كەسانی دیكە نواندووە، كە ئیتر ناتوانێ بە شێوەیەكی ئینسانی ڕەفتار بكا. پیاوێكی مەقدۆنیایی دەڵێ شەڕ ئێمەی تێك داوە، ئەمن ناتوانم لە ژنەكەم نەدەم. ژنێكی فەلەستینی لە ڕاموڵڵادا دەڵێ، دیاردەی خۆكوشتن بە شێوەیەكی بەرچاو لە نێو ژنان و كچانی ئەو ناوچەیەدا زیادی كردووە. لە ڕاموڵڵادا ناوەندێكی فریاكەوتن و یارمەتیدان بە ژنان و كچان دامەزراوە. بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە دەڵێ بەیانییان كە پیاوەكان دەڕۆنە سەركار، تەلەفۆنی ناوەندەكە دەست بە زەنگلێدان دەكا. لە سەدا حەفتای ئەو كەسانەی زەنگ لێدەدەن، ئەو كچ و ژنانەن كە لە لایەن باوكەكانیان، براكانیان و مێرد و مام و خاڵ و كەسوكارە نزیكەكانیانەوە، ئەزییەت و ئازار دراون یان دەستدرێژییان كراوەتە سەر و لێیان دراوە.

تاقمێكی پسپۆڕی ڕێكخراوی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هاوینی ٢٠٠١ دا، بۆ ماوەی ساڵێك لە ناوچە قەیرانی و شەڕلێدراوەكانی دونیادا، لەسەر شوێنەواری شەڕوكێشە چاكدارییەكان لەسەر ژنان، لێكۆڵینەوەیان كرد. ئەو دەستەیە سەردانی بۆسنی هێرزێگۆوین، مەقدۆنیا، كۆسۆڤۆ، سێربستان، كۆلۆمبیا، كامبۆج، تەیمووری ڕۆژهەڵات، لیبریا، گینە، ڕواندا، سیرالێئۆن، سۆماڵی، ئیسرائیل و ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستینیان كرد. لە هەمووی ئەو ناوچانەدا، ژنان باس لەوە دەكەن كە چەك و تەقەمەنی ژیانی بنەماڵەی ئەوانی شێواندووە. ئەوان دەڵێن سەربازیگەری بە جۆرێك ژیانی كوڕ و مێرد و براكانی ئەوانی داگرتووە كە ئیتر ناناسرێنەوە. ئەوان دەڵێن هاوسەرەكانیان ساردن، عەسەبی و داخراون و توندوتیژییان لێدەبارێ. ئەو لێكۆڵینەوەیە دەنگێكی زۆری دایەوە، چونكە دەركەوت كە ئەو وەزعە لە هەموو شوێنە شەڕلێدراوەكاندا هەر ڕاستە.

لە هاوینی ٢٠٠٢ دا، لە پایەگایەكی سەربازیی ئەمریكا، لە باكوری كالیفۆڕنیادا، چوار كەس لەو سەربازانەی لە شەڕی ئەفغانستانەوە گەڕابوونەوە، ژنەكانی خۆیانیان كۆشت. لەم دواییانەدا، لە رۆژنامەكانی ئەمریكادا ئەوە دەخوێنینەوە كە ڕاپۆرتە نهێنییەكان ئەوە دەردەخەن كە هەركات سەربازانی ئەمریكا، بۆ شەڕ و عەمەلیاتی سەربازی دەڕۆنە دەرەوە، ڕادەی توندوتیژیی پیاوان بە دژی ژن و منداڵان لە كۆمەڵگای ئەمریكادا، بە شێوەیەكی لە ڕادەبەدەر دەڕواتە سەرێ.

لە نێو سوپای ئەمریكادا، كە لەساڵی ١٩٩٩دا، سێسەدوسی هەزار ئەندامی هەبووە، ٨٦٤٨ ژن شكایەتیان لەو توندوتیژییە كردووە كە سەربازەكان لە ماڵدا لە خۆیانی نیشان دەدەن. دیارە ئاماری درووستی ئەو دیاردەیە، زۆر لەوەش زیاترە. چوونكە هەموو ژنەكان ناچن شكایەت بكەن و ئەو مەسەلەیە بە پۆلیس ڕابگەیەنن.

لەسەدا حەفتاوپێنجی ژنانی كامبۆجی، كە مێردەكانیان لە شەڕ و كێشە چەكدارییەكاندا بەشداربوون، پاش ئەوەی كە لە ساڵی ١٩٩٥دا، هێزەكانی پاراستنی ئاشتی هاتنە نێو وڵاتەوە، بوونەتە قوربانیی توندوتیژی. بەشێكی زۆر لەوان لە لایەن هاوسەرەكانیانەوە تەقەیان لێكراوە.

هەموو لێكۆڵینەوەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەوە دەردەخەن كە چەكداربوونی پیاوان، دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە كۆمەڵدا پەرەپێدەدا. هەروەها هەر ئەو لێكۆڵینەوانە ئەوە نیشان دەدەن كە توندوتیژیی بنەماڵەیی لە كاتی شەڕ و كێشە چەكدارییەكاندا زۆرتر دەبێ.

ئەو دیاردەیە پاش تەواوبوونی شەڕ و بە گەڕانەوەی پیاوەكان لە بەرەكانی شەڕ بۆ ماڵەوە، بەرینتر و قووڵتریش دەبێتەوە.

سەد میلیۆن كەس لە ئاكامی شەڕدا، لە سەدەی بیستەم و سەرەتاكانی سەدەی بیست و یەكدا كوژراون. كاتێك پیاوەكان لە سەنگەرەكاندا دەكوژرێن، ژنان و منداڵان لە ئاكامی بۆمبارانی شار و گوندەكاندا، لەبەر برسیەتی و تینوویەتی، لە ئاكامی نەخۆشی و ناچاركردنیان بە لەشفرۆشیدا، گیان لە دەست دەدەن.

تەنانەت ئەگەر ئەو ژن و منداڵانە زیندووش دەردەچن، هەتاهەتایە دەبێ لەگەڵ بیری خۆكوشتن، دستەویەخە بن. هەر كات مێرد و برا و باوكیشیان لە شەڕ دەگەڕێنەوە، ئەشكەنجە و ئەزییەت و ئازار دەدرێن، چوونكە هەست دەكەن كە بە هۆی ژن و كچەكانیانەوە شەڕەفیان لەكەدار بووە.

پاش تەواوبوونی شەڕی سارد، ٤٠ میلیۆن كەس ئاوارە و پەڕەوازە بوون. هەشتا لە سەدی ئەوانە ژن و منداڵن.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوە كە كوردستانیش یەكێك لەو مەڵبەندانەیە كە ساڵانێكی زۆرە مەیدانی شەڕ و سەركوت و زەبرو زەنگی حكوومەتە دیكتاتۆرەكان بە دژی میللەتی كوردە، دەكرێ ئەو دیاردەیە لە كوردستانیش هەر راست بێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک