• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

بانکە ئورووپاییەکان بۆچی هاوکاریی ئێران ناکەن؟

زایینی: ٠٩-٠٦-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٣/٢٠ - ١٢:٤٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بانکە ئورووپاییەکان بۆچی هاوکاریی ئێران ناکەن؟
شەماڵ تەرغیبی

بەشداریی کردەکیی بانک و دامەزراوە ماڵییەکان لە سیستمی بانکیی وڵاتانی بیانی و بەهێز بوونی پێوەندییە بانکییەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا یەکێک لە هێماکانی گەشەی ماڵیی هەر وڵاتێکە کە بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش سیستمێکی بانکیی بەهێز پێویستە، تاکوو بتوانێ هاوتەریب لەگەڵ تێکنۆلۆژیی سەردەم و شان بە شانی بانکە پێشکەوتووەکانی جیهان هەنگاو بنێت. چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ئامار و داتاکان و بەراوردکردنی دۆخی ئێران لەگەڵ سیستمە نێونەتەوەییەکانی بانکی، ئەو ڕاستییەمان پیشان دەدات کە پشکی ئێران لەم بیاڤەدا زۆر زۆر کەم و بێ بایەخە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆچی وڵاتی ئێران پاش نیزیک بە ١٠٠ ساڵ لە هەبوونی بانک و سیستمی بانکی، هێشتا ناتوانێ وەک پێویست لە نێو سیستمە نێونەتەوەییەکاندا خۆی ببینێتەوە؟

چەند ساڵ پێش ئێستا بیانوویەک بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بوونی هەبوو کە ئەویش بریتی بوو لە چەسپاندنی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و سیستمی دراو و بانکی ئێران. پاش لابردنی گەمارۆکان و واژۆکرانی بەرجام، ئەو فکرە لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا بڵاو کرایەوە کە چیدیکە پەراوێزکەوتوویی و دوورخرانەوەکان بوونیان نەماوە و لەمەوبەدوا بانکە جیهانییەکان بۆخۆیان ناچار دەبن کە پێوەندیمان پێوە بگرن. ئێستا پاش تێپەڕینی نیزیک بە ١ ساڵ لەو ڕووداوە، دەبینین کە نەتەنیا گۆڕانێکی وەها هەست پێکراو ڕووی نەداوە، بەڵکوو وەک محەممەدجەواد زەریفیش دەڵێ: بانکە ئورووپاییەکان ناوێرن پێوەندیمان پێوە بگرن و هاوکاری لەگەڵ ئێران بکەن، چونکە هێشتا فەزای فکریی بیانییەکان فەزای پێش لە بەرجامە.

ئەمە یەکەمجار نیە کە گەورە بەرپرسانی تاران پاساوی لەم چەشنە بۆ داپۆشینی سیاسەتە هەڵە ئابوریی و بانکییەکانیان دەهێننەوە و ئامریکا و ڕۆژئاوا بە هۆکاری دۆخی ئاماژەبۆکراو ناو دەبەن. لە بەرانبەر ئەم قسانەی زەریفدا کە لە لەهێستان و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەوانان کردی، "ئادام زوبین" جێگری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند: "ئامریکا نابێتە لەمپەڕ لە بەردەم چالاکییە بازرگانییە یاساییەکانی ئێران و ڕێگە لە دەسپێڕاگەیشتنی ئەم وڵاتە بە سەرچاوە داراییەکان ناگرین و هیچ کەسێکیش بۆ وەها کارێک هان نادەین".

لە درێژەی قسەکانیشی‌دا زوبین دەڵێ: هۆکاری شک و گومان یان ترسی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی دراو بۆ هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئێران سزادانە یەکلایەنەکانی ئامریکا بەهۆی پشتیوانی ئێران لە تێرۆریزم و تاقیکارییە موشەکییەکان نیە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکیی ئەم هاوکاری نەکردنە بریتییە لە بوونی "گەندەڵی" سیستماتیک لەم وڵاتەدا؛ وتەیەک کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە لایەن وەزیری ئابووریی ئێرانیشەوە درکاوە؛ عەلی تەیێب نیا ڕایگەیاندووە کە ئابووریی ئێران پێش لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ زۆر زۆر لە ئابووریی ئێستامان سەرکەوتووتر بووە. ناوبراو لە دانیشتنی بەڕێوەبەرە ماڵیاتییەکانی ئێران وتوویەتی لە ساڵی ١٣٤٠دا، نرخی گەشەی ئابووری لە سەروی ١٨% بووە، بەڵام لە ئێستادا لە ژێر ٣%ەوەیە، کە ئەمە بە هۆکارگەلێکی وەک نەبوونی گەشەی بەردەوام، پشکی نێگەتیڤی کەڵک وەرگرتن، هەڵاوسانی زۆر، بەستراوەیی ئابووریی بە داهاتی نەوت و سیستمی نەخۆشی بەڕێوەبەری (کە مەبەست هەمان گەندەڵییە) هاتۆتە ئاراوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش ئەحمەد تەوەکۆلی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە ئاخاوتنێکدا گووتبووی؛ ئەوەیکە هەڕەشە لە ئێران دەکات نە هێرشی سەربازییە، نە گەمارۆکانن، نە شۆڕشی مەخمەڵییە، بەڵکوو ئەو گەندەڵیەیە کە بەشێوەی سیستماتیک هەموو قوژبنەکانی وڵاتی تەنیوەتەوە.

سەبارەت بە پرسی گەندەڵی لە ئێران، کە وەک باس کرا سەرەکیترین هۆکاری هاوکاری نەکردنی سیستمە جیهانییەکانی دراوە، دەبێ بگوترێ کە ڕەگ و بناغەی سەرەکیی ئەم دیاردە، نەبوونی ئازادیی و "بەرچاوڕوونی"ە؛ بەو واتایە کە تا ئەو کاتەی ئازادیی زانیارییەکان و "بەرچاوڕوونی"ی ئابووری بوونی نەبێت، بە دڵنیاییەوە گەندەڵی هەر بوونی دەمێنێت و بەردەوامیش خۆی دەژیێنێتەوە.

بەپێی زانستی ئابووری، لە کۆمەڵگایەکدا کە زانیارییەکان بە ئاشکرا و بێ سانسۆڕکردن ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت، لە بواری ئابوورییەوە تێچووی ئاڵوگۆڕەکان کەم دەبێتەوە و ئەو کاتەش وەها کۆمەڵگایەک بەرەو سەقامگرتوویی هەنگاو دەنێت و بوار بۆ سەرمایەدانانی بەرهەمهێنەر خۆش دەبێت، بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە ئێراندا "بەرچاوڕوونی"ی ئابووریی زاڵ بێت، دەرەتان بۆ سەرهەڵدانی دەڵاڵ و ڕانت خۆر و ساختەکار کەم دەبێتەوە، کە واتە بە هۆی "بەرچاوڕوونی" و ئاڵووێری ئازادی زانیارییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، جگە لە سەقامگرتوویی و ئەمنیەتی ئابووری، دەبێتە هۆی ئەوەیکە وەها کۆمەڵگایەک بەرەو ڕکەبەرایەتیی تەندروست هەنگاو بنێت کە لە کۆمەڵگایەک بەم تایبەتمەندییەوە داهێنانی ئابووریی هەڵ دەدات و ئەمەش یانی گەشەی بەردەوام.

بەم پێیە ڕوون دەبێتەوە کە هاوشێوەی زۆرێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە بیاڤی ئابوورییش‌دا، ئەوە خودی سیستم و یاساکانیەتی کە ڕێگرە لەبەردەم گەشەکردن، نەک وڵاتانی بێگانە و دوژمنە فەرزی و خەیاڵییەکانی تاران کە بە وتەی ئەوان لە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانماندا بوونیان هەیە و لە هەلێک بۆ زەربەلێدانمان دەگەڕێن!!!
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا