کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی لە سەر شەڕی شنۆ بڵاو کردەوە

19:22 - 28 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕ وتێکهەڵچوونی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندر‌اوەکە:

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونی ئەم دواییانەی هێزی پێشمەرگە و هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی شنۆ

هاونیشتمانە بەڕێزەکان !

کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

ئوگرانی ئازادی !


هەروەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سیاسی و تەشکیلاتی لە ناوچەی شنۆ بوون، بۆ پشوودان ڕوو دەکەنە گوندەکانی قەرەسەقەڵ و سەرگیز کە دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و ناچار بە بەرگری لە خۆیان دەبن و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس و خوێناوی ڕوو دەدا کە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێری خایاند. لەو تێکهەڵچوونەدا چەند پێشمەرگە پاش شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوون و بە دەیان کەس لە فەرماندە و جاش و پاسداری ڕێژیم کوژران و بریندار بوون . هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە کەوتنە وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک لە گوندی قەرەسەقەڵ و زیانێکی زۆریان بە موڵک و ماڵی خەڵک گەیاند.

لێرەوە ڕادەگەیەنین سەرەڕای شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەی حیزب لە هەلسووڕان و چالاکیەکانیان لە ناوچەکە بەردەوامن و لە ڕاگەیەندراوەکانی دواتری شورای نیزامیدا لە وردەکارییەکانی ئەو شەڕە و ژمارە و ناوی شەهیدەکانی هێزی پێشمەرگە ئاگادارتان دەکەینەوە.

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە خەڵکی شنۆ و دەورووبەری دەکا کە وەک هەمیشە پشتیوان و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بوون.

بڕووخی ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی

١٧ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی