کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شاری سنه ئامادەباشی بە کارمەندانی قوتابخانەکان دا

17:06 - 2 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنه، بڕیاری داوە کە کارمەندان و مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ئامادەباشیی تەواودا دابن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە شاری سنه لە بڕیارێکدا سەرجەم کارمەندان و مامۆستایانی قوتابخانەکانیان ئاگادر کردووەتەوە کە لە ئامادەباشی‌دا بن و هەردەم چاوەڕیی بڕیاری ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ لەو بڕیارەدا داوا لە هەموو کارمەندانی بەسیجی قوتابخانەکان کراوە کە خۆیان بۆ هەر بڕیارێکی نیزامی ئامادە بکەن.

ئەو بڕیارەی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بە دوای ئەوەدا دێت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڕیاری ناردنەوەی پێشمەرگەی بۆ نێوخۆی وڵات دا و هەروەها لە دوای هێرشی هێزەکانی سپای تێرۆریستی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکان لە ناوچەی شنۆ، ناردنی هێزی نیزامیی سەرکوتکەر بۆ شارەکانی کوردستان چڕتڕ بووەتەوە.