کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسدارانیش هەڕەشەی لە بەحرەین کرد

17:34 - 2 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: پاش هەڕەشەکانی قاسم سولەیمانی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییش هەڕەشەی لە پاشای بەحرەین کردووە کە واز لەو ئاکارانە بێنێت کە بە دڵی ئیسرائیلن.

ئەم ڕاگەیەندراوە کە ڕێکەوتی ١ی پوشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، لێوانلێوە لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و تێیدا ئەستاندنەوەی مافی هاووڵاتی بوونی شێخ عیسا قاسمی بە هۆکارێک لەمەڕ هەڵگیرسانی شەڕ و شۆڕشی ئیسلامی لەم وڵاتە و ڕووخانی حکوومەتی ئێستای بەحرەین لەقەڵەم داوە.

پێشتریش قاسم سولەیمانی لە پێوەندی لەگەڵ بڕیاری دەزگای دادوەریی بەحرەین گووتبووی: ئەمە بەزاندنی هێڵی سوورە کە هیچ ڕێگەیەکی جگە لە خەباتی چەکدارانە نەهێشتۆتەوە و دەبێ ڕێژیمی بەحرەین بڕووخێت.

لە بەرانبەریشدا یەکیەتیی عەرەب، میسر و عەرەبستان پشتگیریی خۆیان لە هەڵوێستی دادگای بەحرەین ڕاگەیاند و هەرکام لەم لایەنانە ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری تەواو لە هەوڵەکانی بەحرەین بۆ خەبات لەدژی تێرۆریزم و تووندڕەوی دەکەن و بۆ دابین کردنی ئەمنیەت و یەکگرتوویی و ئارامی لەم وڵاتە، لە هەموو بارێکەوە پشتیوانی لە مەنامە دەکەن.

دەوڵەتی بەحرەین عیسا قاسمیی وەک ئاخوندێکی شێعەی لایەنگری کۆماری ئیسلامی ناساندووە و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو سەرقاڵی ئاژاوەگێڕی و چالاکیی نایاسایی بۆ تێکدانی ڕیزەکانی گەلی بەحرەین بووە و لە ئاژاوەکانی ساڵی ٢٠١١دا دەستێکی باڵای هەبووە.