کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شەڕی سووریەدا درێژەی هەیە

14:14 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ١٠ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ١٠ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی ڕێژیم لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەل ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا کوژراون.

یەکێک لەو کوژراوانە مێهدی سامنی‌زادە، خەڵکی وەرامینە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە سووریەدا کوژرابوو.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لاشەی ٦ ئەندامی تێرۆریستی سپای پاسداران کە لە سووریە کوژرابوون بۆ ئێران نێردرانەوە.

بەشداریی بەرچاو و بەرینی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانیی هەمەلایانە لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و دابینکردنی چەک‌وچۆڵ بۆ سەرکوتی هاووڵاتییانی سڤیل و کوشتاری دڕندانەی ئەوان، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ئەوە ڕابگەیەنێ کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە و هەنووکە سپای پاسدارن لە سووریە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.

لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریە کوژراون، ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی سەربازی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.