کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی \"تدبیر و امید\" ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزدارە

17:18 - 5 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە چوونەسەری ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەت و بەرز بوونەوەی ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێراندا کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی بانکی ناوەندیی ڕێژیم، ئاستی قەرزەکانی دەوڵەت ٦/١٨% بەرز بۆتەوە و ڕێژەی نەخدینەییش 3٠% چوونەسەرەوەی بۆخۆی تۆمار کردووە.

قەرزەکانی دەوڵەت تا کۆتایی ساڵی ٩٤، گەیشتۆتە ١٢١هەزار میلیارد تمەن کە ئەم ڕێژە بە بەراورد لەگەڵ قۆناغی هاوشێوەی ساڵی پیشتری خۆی، دەریدەخات کە لانیکەم ١٧% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە؛ جگە لەم قەرزەش، بانکی ناوەندی ٢٦ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری بانکەکانی دیکەیە کە وێڕای قەرزەکانی دەوڵەت، سەرجەم دەکاتە ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن.

هەنووکە دەوڵەت بە گەورەترین قەرزداری بانکەکان دەژمێردرێ و پێشبینیش دەکرێ کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاستی قەرزدارییەکەی زیاتر ببێت.

ڕێژەی نەخدینەیی لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٤دا، بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی پێشتری خۆی، 3٠% بەرز بوونەوەی بەخۆوە بینیوە کە دەکاتە ٩/١٠١٧٢ هەزار میلیارد ڕیاڵ؛ ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویان داوە کە کارناسانی ئابووریی ئێران پێیان وایە ٢ هۆکاری سەرەکی هاتنە ئارای ئەم دۆخە بریتین لە؛ لاوازی لە بەڕێوەبەریی و دەستێوەردانی ناوەندە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کاروباری ئابووری.

ڕێکەوتی ٢ی پوشپەڕ دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی ٥٠ پڕۆژەی زەبەلاحی ئابووریی و عومرانیی ڕادەستی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سپای پاسداران کرد؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ڕووحانی لە کاتی پڕوپاگەندەکانی‌ لە ساڵی ٩٢دا، دروشمی کورت کردنەوەی دەستی ناوەندە سەربازییەکان لە ئابووریی دەدا.