کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرکەوتی نیزامی ـ ئەمنییەتی دژ بە نەتەوەکانی ئێران پەرەی سەندووە

19:48 - 5 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی ڕاوەدوونانی سیخۆرانی بێگانە، دەیان هاووڵاتیی سەر بە نەتەوەکانی دەستبەسەر کردووە.

هەر لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، وەزیری ئیتلاعات باسی لە گیرانی ١٠ کەس کرد کە بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییەی حکوومەت؛ سەربە گرووپە وەهابییەکان بوون.

مەحموود عەلەوی وەک پیشەی هەموو بەرپرسەکانی ڕیژیم، تۆمەتی هەڵگرتنی مادەی تەقەمەنی و کاری خراپکارانەی داوەتە پاڵ ئەو گیراوانە و بە تێرۆریستی ناساندن.

ڕۆژی پێنج‌شەممە سێی پووشپەڕ، ماڵپەڕی جوان آنلاین لە زاری بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە بڵاوی کردەوە کە شەش کەسیان گرتووە کە هەوڵیان بۆ جیاخوازی داوە.

ئەو هاووڵاتییە تورکە ئازەرییانە ئەندامی ڕێکخراوێکی سیاسی ـ نەتەوەیی بوون.

هەروەها سپای پاسداران دوو هاووڵاتیی بەلووچی دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان لە لایەن هێزەکانی سپاوە گیانی لێ ئەستێندراوە.
لە ٢٣ی مانگی جۆزەردانی ئەوساڵدا، ڕاگەینەرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باسیان لە تێکهەڵچوونی چەکداری لە سیستان و بەلووچستان کرد کە لەو شەڕەدا کەسێکی سەر بە ‌هێزی ئینتیزامی کوژرا.

لە خووزستانیش، هاووڵاتییانی عەرەب کەوتوونەتە ژێر زەخت و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و لەم پێوەندییەدا بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی ئەو پارێزگایە گیرانی چەند تیمێکی خراپکارانەیپشتڕاست کردووەتەوە.

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم بە تەلەفزیۆنی حکوومەتیی وتووە کە لە پارێزگای بووشێهر چەندین کەسیان کە سەرقاڵی سیخۆڕی بۆ وڵاتانی بێگانە بوون دەستبەسەر کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، گرتنی هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران زیادی کردووە و هەموو جارێ ڕێژیم لە دانی زانیاری ورد و ناسنانەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە خۆی دەبوێرێت و هەرگیز لە دادگایەکی ئاشکرا دادگایی نەکران.

ڕێژیمی ئیسلامی بۆ پەردەپۆش کردنی جووڵانەوەی مافویستی نەتەوەکان، دەستی داوەتە ڕەشکردن و بەلاڕێدا بردنی داخوازەکانیان و تۆمەتی سیخۆری بۆ وڵاتان، تیرۆریست و سەربە وەهابییەت دەداتە پاڵیان.