کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفراندۆمی بەریتانیا، لە سەر هەڵبژاردنی ئەمریكاش شوێندانەر دەبێت

17:28 - 6 پووشپەڕ 2716

كوردستان میدیا: ئاكامی ڕیفراندۆمی بەریتانیا ئەگەری سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بە هیلاری كلینتۆنی كردۆتە ڕۆژەڤی باسە سیاسی و میدیاییەكانی ڕۆژئاوا.

واشینگتۆن پۆست لە ژمارەی ڕۆژی هەینیی خۆیدا نووسیویە: كاتێك كە چاو لەو زیانانەی دەكەین كە دۆناڵد ترامپ لە یەك مانگی ڕابردوودا لە خۆی داوە و ئەو تێچووە كەمەی كە بۆ سەركەوتن لە ویلایەتە هەستیارەكاندا تەرخانی كردووە، لە قووڵایی ئاكامی ڕاپرسییەكان تێدەگەین و سەرمان سووڕ دەمێنێت كە كە تا چ ڕادەیەك ڕێژەی دەنگی لایەنگرانی ناوبراو، هاوسەنگی لەگەل‌َ ڕێژەی دەنگی لایەنگرانی ڕكابەرە دێموكراتەكەی دەكات.

واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا باس لەوە دەكات كە: لە بەریتانیا كەمپەینی هاتنەدەر لە یەكێتیی ئورووپا وەكوو ڕیكلامەكانی ترامپ، بەڕێوە چوو. لە كاتێكدا كە هەوڵەكان بۆ جیابوونەوە لە ئورووپا بە بەراورد لەگەڵ كەمپەینی لایەنگرانی مانەوە لە یەكێتیی ئورووپادا كەمتر كاری ڕێكخستنی بۆ كرابوو و بی‌سەروبەریی پێوە دیار بوو، بەڵام لە كۆتاییدا دەنگی خەڵك دەرخەری ناڕازیبوونی هێزێكی بەرچاوی نێو كۆمەڵگای بریتانیا لەو دۆخە بوو.

دۆناڵد ترامپ، پاڵێوراوی كۆماریخوازی هەڵبژاردنی سەركۆماریی ئەمریكا، وەكوو پەرچەكردارێك بەرانبەر بە ئاكامەكانی ئەو ڕیفراندۆمە گوتبووی: ئەوان (خەڵكی بریتانیا) لە ڕاستیدا وڵاتی خۆیان وەرگرتەوە و ئەوە كارێكی مەزنە.

بەیاننامەی ترامپ هەروەها دەڵێ: لە نۆڤامبری داهاتوودا خەڵكی ئەمریكاش هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت كە سەرلەنوێ سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن و دەنگ بە پرسەكانی وەك پەیماننامە بازرگانییەكان، كۆچبەری و سیاسەتی دەرەوە بدەن و ئەمریكا و هاوڵاتیانی بخەنە ڕێزی هەرە پێشەوە و لە سەرەوەی هەموان دایبنێن.

لە واشینگتۆن، هێندێك لە بەرپرسان باس لەوە دەكەن كە لە كورتخایەندا دەرئەنجامە نەخوازراوەكانی ڕێفراندۆمی بەریتانیا بە سوودی هیلاری كلینتۆن، ڕكابەری دێموكراتی دۆناڵد ترامپ دەبێت، چوونكە دەنگدان بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئورووپا، شڵەژانی بازاڕە ماڵییەكانی لێ دەكەوێتەوە و بە وتەی شرۆڤەكارانی ئەمریكایی سۆنامیی زیانە قورسەكانی بۆ سەر ئابووریی جیهانی بە ڕادەیەك دەبێت كە بێگومان شوێنەواری خراپ لە سەر زێدەبایی سندووقەكان و حیسابەكانی خانەنشینیی ئەمریكاییەكان دادەنێت.

لە لایەكی دیكەوە، ئەگەری قازانجكردنی بەریتانیا بەهۆی هاتنەدەری لە یەكێتیی ئورووپا لە درێژخایەندا و پاش هەڵبژاردنی سەرانسەریی ئەمریكا ڕوون دەبێتەوە، بەڵام ئەو خاڵە گرینگەش نابێ لە بیر بكرێت كە لە سەرانسەری جیهاندا، بە سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیسم، دژایەتیی توند و بەربڵاو لەگەڵ دۆخی هەبوو و نەریتی باوی دەسەڵاتداری دەبینرێت كە زۆر جار ڕقی گشتیی لێ دەكەوێتەوە و دروشمی بەناوبانگی ئەمریكا سەر لە نوێ بەهێز دەكەینەوە كە دۆناڵد ترامپ بەردەوام دووپاتی دەكاتەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی سەركەوتنی ئەو پالێوراوە كۆماریخوازە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و سیمای سیاسیی ئەمریكا بە تەواوی بگوڕێت.