کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شەڕی مەریوان ڕاگەیەندرواێکی بڵاو کردەوە

22:52 - 6 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی مەریوان ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە حاڵی جەولە دابوون، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی لە بناری کێوی کۆساڵان لە نزیک گوندی دووڕوو لە ناوچەی شامیان سەر بە شارستانی سەوڵاوا دەکەونە کەمینی هێزەکانی دوژمن کە لە شەڕێکی ٢ کاتژمێری‌دا، بە داخەوە ٢ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی شۆڕش مینبەری و شاخەوان مینبەری شەهید بوون، شاخەوان پاش چەند کاتژمێر برینداری و شەڕکردن شەهید دەبێ و تەرمەکەی دەکەوێتە دەستی دوژمن.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیم لە جاش و پاسدار کوژراون.

پاش ئەو شەڕە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ دیسان لە چیای کۆساڵان دەکەونە کەمینی هێزەکانی ڕێژیم و تووشی شەڕێکی توند و نەخوازراو دەبن، لە ئاکامی ئەو شەڕەدا پێشمەرگەکان دەرباز دەبن و ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیم دەکوژرێن.

پاش ئەو ٢ شەڕە جاڕیکی دیکەش هێزەکانی ڕێژیم بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری پێشمەرگەکان لە چیای کۆساڵان دەدەن و شەڕێکی قورس سەر لە بەیانی ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی دەست پێ دەکاتەوە و پێشمەرگەکان ئازایانە شەڕیان دەگەڵ دەکەن و هەتا کاتی ئەم ڕاگەیەندراوە شەڕ بەردەوامە.

لە ئاکامی ئەو شەڕەدا کە زیاتر لە ١٠ کاتژمێرە لە ئارا دایە دەیان کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم کوژراو و بریندار بوون، کەلاکی زیاتر لە ٨ کەس لە کوژراوەکانی ڕێژیم لە بەر دەستی پێشمەرگە دایە.

بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی ئەکبەر مینبەری شەهید بووە.

لە ماوەی ئەو شەڕ و دەرگیریەدا دوژمن لە شاری سەوڵاواوە بە تۆپ و خۆمپارە چیای کۆساڵان و مەیدانی شەڕەکە تۆپباران دەکات کە بووە بە هۆی ئاگرتێبەربوونی دارستان و لێڕەواری ئەو کێوە.

لەو شەڕەدا ڕێژیم بە هێلی‌کۆپتێر مەیدانی شەڕەکە راکێت‌باران دەکات.

ڕۆحی شەهیدان شاد و ڕێگای پڕ شانازییان بەردەوام بێ.

شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
٢٦ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی