کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو

22:18 - 7 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کوردستانیانی نیشتەجێی وڵاتی سوویس و نوێنەرانی هێز و لایەنه کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، ڕێوڕسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خۆیندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسوڵی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس وتارێکی پێشکەش کرد.

ڕەسوڵی لە باسەکەیدا وێڕای ئاماژە دان بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە و سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات، لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرد.

پاشان پارچە هۆنراوەیەک بە زاراوەی کرمانجی لە لایەن حەمید خالقپەسەندەوە پێشکەش کرا و بە دوای ئەودا نامدار سەفەری وتارێکی لە سەر پێگەی شەهید پێشکەش بە بەشداران کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی یەکیەتیی لاوان لە لایەن ڕامیار خادەمیەوە پێشکەش کرا.

هەروەها پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن لۆقمان مامالەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا سرودێکی نیشتمانی بە ناوی شەهید پێشکەش کرا.

هەروەها ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون کە بریتین لە:
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران
ـ هاوڕێیانی پێشوو
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی سوسیالسیتی کوردستانی باکوور
ـ حیزبی شیوعی کوردستان

15558.jpg

15557.jpg