کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگریی ڕەوا لەبەرانبەر پەلاماری ناڕەوادا

22:32 - 7 پووشپەڕ 2716

ڕەحیم سورخی

ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات(لێکدانی خەباتی شاخ و شار) لە بنەڕەتدا و لەجەوهەردا خەباتێکی چەکداری نەبووە ونییە. بەداخەوە هێندێک کەس و لایەن لە ناوخۆ و لەدەرەوە وایان نواند کە ئەمە دەستپێکردنەوەی خەباتی باوی چەکداریی و کلاسیکی جارانە. لەخاباتی نوێی ڕۆژهەڵاتدا، پێشمەرگەکان تەنیا بۆ بەرگریی لە خۆیان و لەبەر ئەو چەقبەستوویی و ئینسیدادە سیاسی-ئەمنەییەتییەی لەئێران هەیە ناچار بوون و ناچار هەن چەکیان پێبێت. پێشمەرگەکان وەک پەیامنێر و پەیکی ئازادیخوازی، دادپەروەری، و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، دەیانەوێ بزوتنەوەی نەتەوەیی-دیموکراتیکی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵی مەدەنی گرێ بدەنەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، لەپاش هاتنەسەرکار ڕووحانی و لانیکەم بەدرێژایی زیاتر لەبیست ساڵ ڕاگرتنی شەڕ و گرتنەبەری خەباتی سیاسی حیزبەسیاسییەکان لەکوردستان، لەجیاتی چارەسەری ئاشتیانەی مافی ڕەوای نەتەوەکان و نەتەوەی کورد ئینسیدادی سیاسی و نیزامی خۆی زیاتر کرد. ئەنجامی ئەم سیاسەتە توندوتیژی و ململانێی نەتەوەکان و ئاینەکان لە لەنێوان پێکهاتەکان بووە.

لەژێر ئیستبدادی مەزهەبیدا ئەو پەڕی سوکایەتی بە کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان وەک یارسانییەکان کراوە. نەتەوەکان لە ئێران تەنیا بۆ گەرمکردنی بەزم و شانۆی هەڵبژاردن پرسەگورگەیەکیان پێکراوە و هیچی تر. بەگشتی، بە توندی سیاسەتی تەحقیر و تاواندنەوەی کورد و کەمینە ئاینیی ونەتەوەییەکانی پەیڕەو کردووە.

گوتاری خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات گوتارێکی دیموکراتیک و ناتوندوتیژە . پێیوایە تەنیا لە کۆمەڵگایەکی ڕزگار و ئازاددا کە مافی بڕیاردانی ئازادانەی مرۆڤەکان پارێزراوە وبەفەرمی ناسراوە دەکرێ دیالۆگێکی ئازادانە بکرێ بۆ چارەسەری کێشەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم گوتارە لەهەمانکاتدا نایهەوێ ژێردەستی قەبووڵ بکاو بچێتە ژێرباری سەرەڕۆیی و ئیستبدادەوە. بۆیە گوتارێکی شۆڕشگێڕانەی ڕەخنەگرانەشە. چونکە باوەڕی بەدیالۆگی سەرەڕۆیانە نییە. پێیوایە ڕاستیی پەیام و گوتارەکەی تەنیا لە ڕێگای پێکهاتنی ژیانێکی شایستە و ئیناسانیدا مسۆگەر دەبێت.

ئەم گوتارە پێچەوانەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەینوێنێت، ڕەسەن، ئنسانی و سەربەخۆ یە و هەوڵدەدات ئەو بەڵگە و ئیستدلالە چەواشەکارانەیە ڕسوابکات کە هاوبەشەدەسەڵاتدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەکوردستان و ئێراندا دەیانهەوێ لە پێناو بەرژەوەندیی سیستەمیێکی سەرەڕۆی نادادپەوروەردا بەرجەستەی بکەن.
کۆماری ئیسلامی هەروەک هەمیشە ئیستراتیژیی شەڕی گرتووەتە بەر.

لەسەرەتا دا ویستی بۆ هاندانی خەڵک و گرێدانی خەباتی نەتەوەیی دیمکراتیکی کورد بە جەنگی فیرقەیی و مەزهەبی و ئیقلیمییەوە ڕای گشتی ئێرانییەکان و جیهان چەواشە بکات، بەڵام ڕەوایەتی مێژووی خەباتی گەلی کورد و حیزبی دموکراتی کوردستانی ئێران پیلانەکەی پوچەڵکردەوە. ئێستا بە شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان دیهەوێ پێش بەگەیشتنی پەیامی ڕاستیی و دادخوازانەی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بگرێ.

ئەو بەرگرییە قارەمانانەیەی ئێستا ئازیزترین و خۆشەویست ترین ڕۆڵەکانی کوردستان، پێشمەرگەکانی کوردستان دەیکەن، بۆ سەلماندنی ئەو گوتارەیە. ئەم پێشمەرگانە پەیکی گەیاندنی ڕەسالەتی فەلسەفەی سیاسیی دوکتۆر قاسملوی شەهیدن. ئەمانە پەروەردەی ڕێبازێکی پڕلەسەروەری و سەربەخۆیی سیاسین. ئەم خەباتە بێدەنگیی شەوەزەنگی ئیستبدادی شکاندووە و هەرچەند نرخەکەی زۆر گرانە، بەڵام لەرزۆکی و ترسەنۆکیی ڕێژیمیشی دەرخستووە. پشتگیریکردنی پێشمەرگەکان لەو شەڕە نابەرانبەرەدا ئەرکی هەموو تاک و لایەنێکی کورد و کوردستانییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە