کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆرهەڵاتی نوێ و ئیستراتژی گرێدانی خەباتی شار و شاخ

23:35 - 7 پووشپەڕ 2716

حێسام دەستپیش

خۆرهەڵاتی نوێ گوتارێکە کە سەرچاوە و ماناکانی خۆی لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێ. لەم گوتارەدا سیاسەت پرسێکی کولتورییە کە کۆمەڵگا وەک پانتایەک پڕ لە مانا دەبینێ کە دەبێ خوێندنەوەیان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی هەوێنەکانی ژیان و خەباتی تێدا ببینرێتەوە.

ئستراتژی گرێدانی خەباتی شار و شاخ ڕێگایەکە کە تواناکانی لە مێژوو و ئەمڕۆ وەردەگرێ. واتە دوو کۆڵەکە لەم ستراتژییەدا بوونی هەیە کە لاقێکی لە خەباتی چەکدارییە کە هێزی پشتیوانی شارە و شاریش ناوەندێکە کە دەتوانێ وەک کانگای بزاڤێک ڕۆڵ بگێرێت. لێک گرێدانی ئەم دوانە، مەبەست سازکردنی هارمۆنییەکی موبارزاتییە کە دواجار ئیرادەیەک ساز بکات کە کۆمەڵگای خۆرهەڵات بوونی خۆی بسەلمێنی.

میکانیزمی ئەم ستراتژییە، بەهێمایی‌کردنی سیاسەتە. واتە سازکردنی چوارچێوەیەکی کولتووری کە دواجار شوناس لە ڕێگەی گەرم و نەرمەوە وەک ڕاستییەک بچەسپێنی.

ناساندنی ئەم گوتارە ستراتژییە بە پێشمەرگەوە دەسپێدەکا و بە ڕابوونی شار تەکمیل دەبێ. چوونکە ئامرازی دەسپێک مێژووە و لە نەبوونی پانتایەکی دوور لە هەڕەشە، لە دەسپێکدا پێشمەرگە دەبێ ئەم ڕۆڵە بگێڕێ. جا ئێستا حدکا بە هۆی بەهێزی لە ڕەهەندی مێژووی ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە و تەنیا شار و پێکهاتەکانیەتی کە دەبوو بە وەرگرتنی ئەم مانایە لە جووڵەی پێشمەرگە درک بەوە بکات کە دەتوانێ ڕاڤەی بوونی خۆی بکات لە هەموو بوارەکاندا، تاکوو لە ڕۆڵی شاخ کەم ببێتەوە و تەنیا بۆ کاتی تەنگانە بێ و وەک هێزی پشتیوان دەرکەوێ و خودی شار وەک بزاڤێک بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات. بزاڤێک کە ئایدیالیستبوون مەرج نابێ تێیدا، بەڵکوو کردەوەی بەرخۆدان ئامێزە کە دەتوانێ مەرجی بوون و بەردەوامیی بێ.

کە واتە کاتێک باس لە شار و ڕابوونی دەکرێ، بە مانای پێشمەرگایەتی نیە. بەڵکوو واتای ئاوڕدانەوەیە لە بوون و داخوازییەکانی. جا چ داخوازی گەورە بێ یان داخوازی بچووک. چوونکە لە کۆتاییدا ئەوانن بڕیار دەدەن کە ئەم بزاڤە لە کوێدا دەبێ ئارام بگرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە