کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی نوێی ڕاسانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو

17:15 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە ٦ شەهیدی حەماسەی گوندی قەرەسەقەلی شاری شنۆ و هەروەها شەهید شۆڕش مینبەری، لە شاری ئانتوێرپێن لە وڵاتی بلژیک کۆڕیادێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممه ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی،کۆمیتەی حیزبی دێموکرات له وڵاتی بلژیک، بۆ ڕێزگرتن له شەهیدانی حەماسەی گوندی قەرەسەقەلی سەر به شاری شنۆ و هەروەها هاوڕێی قارەمان شەهید شۆڕش مینبەری کە لە شەڕی سەوڵاوادا شەهید بوو، کۆڕیادێکی ڕێزگرتن بۆ ئەم پێشمەرگە شەهیدانە بەڕێوە برد و هەروەها باس له سەر دەستپێکی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گرێدانی خەباتی شاخ و شار کرا.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی نوێی ڕاسانی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد.

له سەرەتای بەرنامەکەدا، هەموو بەشداران دەستە گولیان لە بەرانبەر وێنەی شەهیدانی نوێی ڕاسانی حیزبی دێموکرات دانا و مۆمیان هەڵکرد.

دواتر وتە بەنرخەکانی ڕێبەری ناوداری حیزبەکەمان شەهید دوکتور قاسملوو لە سەر شەهیدان لەگەڵ کارێکی گرافیکی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزب کە وێنەی شەهیدانی ڕاسانی نوێی حیزبی لە خۆ گرتبوو پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەوە پیشکەش کرا.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا وێڕای ئاماژەکردن به چۆنیەتی شەهید بوونی پۆلێک له پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حەماسەکەی شنۆدا، باس لەم بڕیارە گرینگەی حیزب کرابوو بۆ گرێدانی خەباتی شاخ و شار لەکوردستانی ڕۆژهەڵات.

هەروەها ئاماژە بە دڕندەیی و جینایەت‌پیشەیی پاسدارانی ڕێژیم بەرانبەر بە بوون و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات له نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کرابوو.

لە درێژەی کۆڕیادەکەدا ژیاننامەی پڕ لە سەروەریی و خزمەت بە حیزب و نیشتمانی جەنگاوەرانی خۆرەتاو هاوڕێیانی هەردەم زیندوومان شەهید کەماڵ خزری، لوقمان شێخانی، محەممەدخالید پەیغامی، سەید عومەر حوسێنی، جەماڵ ئیسماعیلی، سەلاح نادری و شۆڕش مینبەری پێشکەش کران.

دواتر پەخشانێک تایبەت بە شەهیدانی حەماسەی شنۆ لە نووسین و بە دەنگی تێکۆشەری دێموکرات ئەحمەد شێربەگی بە پرۆژێکتور پێشان درا.
لە درێژەی بەرنامەدا، تێکۆشەری حیزبی دێموکرات کاوە ئاهەنگەری لە سەر تایبەتمەندییەکانی ڕاسانی نوێی حیزب و بەرینترکردنەوەی خەبات بە بوونی کادر و پیشمەرگەکانی حیزب لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و تیشکی خستە سەر چەندین تەوەری گرینی ئەم ڕاسانە وەکوو پێویستییەکی مێژوویی.

دواتر سروودی شەهید بە دەنگی هونەرمەند عەلی عابدی کە هۆنراوەی س.ک بوو، پێشکەش کرا.

لە کۆتایی ئەو کۆڕیادەدا، هەموو بەشداران پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی نوێی حیزب و گەڵ دووپات کردەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانیان، وەکوو پاداشێک درێژەدەری ڕێگایان بن.

لەو کۆڕیادەدا چەندین حیزب و لایەنی کوردی پەیامیان پێشکەش کرد:
ـ لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان/ بلژیک
ـ ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان/ بلژیک
ـ پارتیا سوسیالیستا کوردستانێ (PSK)

کوڕیادێک

کوڕیادێک