کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دژی خەباتکارانی کورد چەواشەکاری دەکات

17:22 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی دژەمرۆیی ئیسلامیی ئێران دژی خەباتکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چەواشەکاری دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێ، بە گوتەی خۆیان بۆمبێکی چێندراویان لە پارکی شەهرداری دۆزیوەتەوە و دواتر پووچەڵیان کردووەتەوە.

چەواشەکاری و تۆمەت وەپاڵدانی کردەوەی نامرۆڤانە بە خەباتکارانی کورد لە لایەن بەرپرسان و دەزگا و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کار و کردەوەیەکی نوێ نیە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناوزڕاندن و بەدناو کردنی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستیان بۆ هەر کار و کردەوەیەک بردووە و پڕۆپاگەندایان دژی خەباتکارانی کورد ئەنجام داوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە شەڕ و دەرگیری لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و داگیرکەرانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە، ڕێژیم لە ڕێگای مۆرە و بە کرێگیروانی خۆیەوە و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، بەردەوام هەوڵی چەواشەکاری و پڕۆپاگەندا لە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان داوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای مەحکووم‌ کردنی هەر چەشنە کردەوەیەکی دژەمرۆیی و تێرۆریستی، پشتیوانی لە هەموو خەباتکارانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باقی پارچەکانی دیکە دەکات.