کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێکی ڕێزگرتن بۆ شەش شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

17:31 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە شەهید سەید عومەر حوسێنی و هاوڕێیانی شەهیدی، کۆڕێکی ڕێزگرتن لە شاری ئورێبرۆی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید بە هاوکاریی کۆمیتەی هەرێمی ئورێبرۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەرز نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە تایبەت سەید عومەر حوسێنی کە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات له سوید بوو، کۆڕێکی ڕێزگرتنی بەڕێوەبرد.

لەو کۆڕە ڕێزگرتنەدا وێڕای ئەندامان، لایەنگران و بنەماڵەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و کۆمەڵێ کەسایەتی سیاسی و بەرچاو، کە لە نێوێیاندا مەلا محەممەد جوانڕۆیی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کوردستان، زاگرۆس خوسرەوی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و مەلا عومەر عەسری و چەندین کەسایەتی دیکە وێرای پێشکەش کردنی دەستەگوڵی وەفاداری بە خەبات و بەرخۆدانی شەهیدان، پەیام و برووسکەی هاوخەمییان پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکە کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هاوخەمیی خۆی دەربڕی.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت دوایین شەهیدانی حیزبی دێموکرات، کە شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستانن دەستی پێکرد.

دواتر خاتوو هەمینە ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی هەرێمی ئورێبرۆی حیزبی دێموکرات، بەخێرهاتنی بەشدار بووانی کۆڕیادەکەی کرد و سەبارەت بەو ڕووداوە و شەهیدانی حیزب و گەل چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

کورتە باسێک لە سەر کۆڕیادەکە لە لایەن عەزیز مورادپەرست بەڕێوەبەری بەرنامەکەوە پێشکەش کرا و پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێگای سکایبەوە باسێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی شاری شنۆ و دڕندەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی بێ تاوان و بێ دیفاعی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

شەرەفی دواتر ئیشارەی بەو شەش پێشمەرگە نەمرەی حیزب کرد و تیشکی خستەسەر دڵسۆزی، بوێری و وەفادارییان بۆ خاک و گەلەکەیان، بە تایبەت سەید عومەر حوسێنی کە سەرەڕای ئەوەی لە ئورووپا دەژیا و لە بواری وەزعییەتی ژیانەوە ئارام و بێ‌کێشە بووە، ناوبراو بۆ بەرگری کردن لە خاک و نیشتمانەکەی خورشیدی هاوسەر و کچە تاقانەکەی بەجێ دەهێڵێ و دەگەڕێتەوە نێو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خوێنی پاک و گەشی خۆی تێکەڵ بە خوێنی شەهیدانی کوردستان دەکات.

لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات باسی لە پێکدادانێکی دیکەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە پاش شەڕێکی قارەمانانە و کوشتن و بریندار بوونی چەندین کەس لە سپای پاسداران و جاش و خۆفرۆشانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەداخەوە پێشمەرگەیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی شۆڕش مینبەری شەهید بووە.

کورتەیەک لە ژیاننامە و کەسایەتیی شەهیدی نەمر سەید عومەر حوسێنی لە لایەن کاکەبرا ئەلیاسیخوێندرایەوە.
پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە لایەن ئەنوەر کاکایی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە، خوێندرایەوە.

پارچە شیعرێک بە ناوی بۆ شەش گۆڵاڵە سوورەکەم لە لایەن عارف عەزیزی و سروودی مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم بە دەنگی عەلی ئاسوەند و هەروەها پەخشانێک لە لایەن عەلی پاڵانی پێشکەش کران.
لەو کۆڕەدا، بابەتێک لەژێر ناوی هاورێی شەهید سەید عومەر حوسێنی، لە لایەن عەزیز مورادپەرەست خوێندرایەوە.

هەوروەها چەند دێڕێک بۆ پێشمەرگە لە لایەن کولسوم بەرزەکاو پێشکەش کرا.

پەیامی بنەماڵەی شەهید سەید عومەر حوسێنی و پێنج هاوڕێکەی لە لایەن هاوسەری شەهید سەید عومەر حوسێنی خاتوو خورشید ئایینفەر پێشکەش کرا. خاتوو خورشید لە پەیامەکەیدا، داوای لە بەشداربووان کرد کە وەک سەید عومەر پێویستە ژیانی ئورووپا وەلا بنێن و بچنە سەنگەر لەگەڵ ڕۆڵەکانی دێموکرات بەرەنگاری کۆماری سێدارە و کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران ببنەوە.

خاتوو خۆرشید ئایینفەر لە کۆتایی پەیامەکەیدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ بەشداربووان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو پێوەندییەدا هاوخەمییان دەربڕیوە، دووپاتی کردەوە کە ڕۆحی شەهیدان بە درێژەپێدانی ڕێبازەکەیان ئارام دەبێت، حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا پێویستییان بە ئێوە و پشتگیری ئێوە هەیە.

لە بەشی دووهەمی کۆڕیادەکەدا بەڕێز دوکتور حوسێن خەلیقی ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، وەک کۆڕگێڕ، باسێکی گرینگ و گشتیی پێشکەش کرد، کە تیایدا بە وردی ئاماژەی بە گەورەیی و لەبیرنەچوون و نەمریی شەهیدان کرد.

هەروەها چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پیام یان برووسکەی هاوخەمییان ناردبوو کە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان لێژنەی ناوچەی سوید، ڕێکخراوی ئورێبرۆ
ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە سوید
ـ پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سوید
ـ کۆمەلە ـ سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێکخراوی ئورێبرۆ
ـ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە سوید
ـ حیزبی شیوعی کوردستان لە سوید
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوید
ـ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات
ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات
ـ بزووتنەوەی گۆڕان بازنەی شاری ئورێبرۆ و ڤێسترۆس
ـ کۆمەڵەی کولتووری شاری ئورێبرۆ
ـ ناوەندی ئاشتی لە شاری ئورێبرۆ
ـ بەڕێوەبەری ناوەندی گشتیی یەکیەتیی کوردان لە وڵاتی سوید
ـ ماڵپەڕی خاکەلێوە

کۆڕیادی
کۆڕیادی ڕێزگرتن له شەش شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید


کۆڕیادی
کۆڕیادی ڕێزگرتن له شەش شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید


کۆڕیادی
کۆڕیادی ڕێزگرتن له شەش شەهیدی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید