کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود تەک هاودەردی و هاوخەمیی خۆی بە بۆنەی شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەربڕی

17:44 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور، لە سەردان بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوخەمیی خۆی بۆ شەهید بوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور(PSK) بە سەرپەرەستی مەسعوود تەک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێ کرا.

لەم سەردانەدا، هەیئەتی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور، هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات بەبۆنەی شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی شنۆ و سەوڵاوا پێشکەش کرد.

هەروەها لەسەر دۆخی کورد لە باکووری کوردستان و خەباتی سیاسی و مەدەنیی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور بە شێوەی یاسایی، مەسعوود تەک باسێکی پێشکەش کرد و لە باسەکەیدا ئاماژەی بە پێکهێنانی بەرەیەک لە ٥پارتی کوردی باکوور کرد کە پێکەوە لە سەر ماف و داخوازییەکانی کورد و پرسە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە کورد لە تورکیە پێکەوە هاوکارییان هەیە.

مەسعوود تەک، لە درێژەی باسەکەیدا باسی لەوە کرد، ئێستا لە تورکیە سەرەڕای کۆمەڵێک ئاستەنگ لە سەر پرسی کورد و خەباتی ئێمە، دەرەتانێکی باش بۆ خەباتی سیاسی کورد هەیە و دۆخی سیاسی ئەوەمان لێ دەخوازێ بە وردبینییەوە درێژە بە خەباتی سیاسی بدەین و بتوانین لەو پرۆسەیەدا شوێندانەر بین.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی خۆرهەڵات و گرینگی ئەو خەباتە و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو جووڵە سیاسی و نیزامیەی حیزب، خاڵێکی ئەرێنی بوو و ئەم حزوورەی حیزب لە نێوخۆی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکانیشدا ڕەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.

هیجری لە باسەکەیدا بە وردی باسی ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی لەم خەبات و بەرخۆدانەدا کرد.

پاش ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لەسەر پرسی کورد، هەر دوو لایەن لەسەر پێوەندیی دۆستانەیان و هاوکاری سیاسییان لە سەر پرسە سیاسی و نەتەوەییەکان جەختیان کردەوە.

سەردانی
سەردانی مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور له دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات


سەردانی
سەردانی مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور له دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات