کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار و چاوپێکەوتنی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی سوید

18:02 - 8 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خاتوو کریستین لووندگرێن نوێنەری نێونەتەوەیی پێوەندییەکانی حیزبی ناوەندی لە پارلمانی سوید دیدارێکی پێک هێنا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ ـ ٦ ـ ٢٠١٦ هەیئەتی حدکا بە سەرپەرەستی نوێنەری پێوەندییەکانی حدکا لە وڵاتی سوید حەمید تەیموری لەگەڵ جەمیلە حەسەنخاڵی نوێنەری حدکا لە نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو کریستین لووندگرێن Kerstin Lundgren نوێنەری نێونەتەوەیی پێوەندییەکانی حیزبی ناوەند یان Centerpartiet)) چوونە پارلەمانی سوید.

لەو دیدار و چاوپێکەتنەدا تەیموری سپاس و پێزانینی حدکای پێشکەش بە ناوبراو کرد و پاشان دوایین ئاڵوگۆڕەکانی حدکای بۆ خاتوو لووندگرێن باس کرد. بە کورتی ئەم خاڵانەی خوارەوە باسیان لێ کرا و بیروڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا:

ـ باسی هێزی پێشمەرگە کرا و ئەوەیکە حدکا، هەموو پێشمەرگە و بارەگا نیزامییەکانی لە سەر سنوورەکان جێگیر کردووە و هێزی پێشمەرگە چوونەتە ناو قووڵایی خاکی نیشتمان، واتە خۆرهەڵاتی کوردستان. هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی تەبلیغاتی و کاری تەشکیلاتی سیاسی ڕوویان لە گوند و شارەکانی کوردستان کردووە. بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران و ئەرتش بە هەموو کەرەستەی گەورەو مدێڕن هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەکان و هەر لەو پێوەندییەدا ٩ پێشمەرگە لە دەوروبەری شاری شنۆ و نەغەدە و شاری مەریوان شەهید بوون و تەرمی ئەو شەهیدانەش لە بەردەستی سپای ئێراندایە. یەکێک لەو پێشمەرگانە ناوی سەید عومەر حوسەینی‌یە و هاوڵاتیی سویدیە و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە نیشتەجێی وڵاتی سویدە و ناوبراو بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری شنۆ کەوتووەتە بەر هێرشی سپا و شەهید کراوە.

هەیئەتی حیزبی وێڕای باس کردن لە بیوگرافی شەهید سەید عومەر حوسەینی و ئەو ٨ پێشمەرگە شەهیدەکەی دیکە، باس لە تۆپباران کردن و هێرش وکاول کردنی سنوور و گوندەکانی کوردستانی باشوور و کوشتن و تۆقاندنی خەڵکی سیڤیل و ژن و منداڵان کرا و هەڕەشە و گوڕەشەکانی بەرپرسانی سپا کە دەیانهەوێ بنکە و بارگەکانی حدکا لە کۆیە بوردمان بکەن و بە ناردنی هێز ئەو بارگایانە خاپور بکەن و خەڵکەکەشی لە ناوبەرن.

هەڕەشە کانی ئێران لە ئیسرائیل و عەرەبستان و بەحرەین و دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سوریە و بەشێک لە یەمەن کە ئێستا ئێران بەڕێوەی دەبا و ناردنی سپا بۆ سوریە و پشتیوانی لە دیکتاتۆرەکانی ناوچە و هەر لەو پێوەندیەشدا چەک و تەقەمەنیان بۆ دەنێرێ ئەو تەوەرانە بوون کە باسیان لێوە کرا.
باسێکی گشتی سەبارەت بە شۆڕش لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ترس و دڵەڕاوکێ و کارە تێکدەرانەکانی ئێران بۆ پێشگرتن بە شۆڕشی کوردی و لەبار بردنی بە هەر شێوە و شێوازێکی نامرۆڤانە و تیرۆریستانە، کرا و بەتایبەتی لەبار بردن و تێکدانی شۆڕشی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پاشان خاتوو کریستین لووندگرێن سپاسی هەیئەتی حدکای کرد بۆ زانیارییەکانیان و ئەوەی باس کرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوێن هەردەم کێشەی تێدایە و بەتایبەتی بۆ خەڵکی کورد هەردەم تراژیک بووە. باسی داعشی هێنایە بەر باس و وتی ئێمە وەک دەوڵەتی سوید و هەموو جیهان دەمانەوێ لە پێشدا کێشەی داعش ببڕینەوە، چوونکە بە هۆی داعشەوە وڵاتانی ناوچە سیاسەتی خۆیان لەبەر چاو دەگرن و داعش بەکار دێنن.

وەک خاڵی سەرەکی ئێمە وەک سێنتێرپارتی لە پێشدا پرسی چەکی ئەتۆمی و پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەبەردەستانمدایە و هەرچەند لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەو کێشانەمان باس کردووە، بەڵام خەریکی درێژەدانی ئەو کێشانەین کە ئەمەش بۆ ئێران بەتایبەتی پرسی مافی مرۆڤ شتێکی نامۆیە و ئێران دانی پێدا نانێ. بەڵام ئێمە لە تێکۆشانداین لەو بوارەدا. ناوبراو وتی کە ئێمە لە کێشەی کورد تێدەگەین و هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەخوازین.